هیچ کاندیدێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دوورنەخراوەتەوە

هەواڵ / عێراق :: 08/03/2018‌ :: 270‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌ندامێكى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌رى، ده‌ڵێت "هێشتا هیچ ناوێكمان له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن دورنه‌خستۆته‌وه‌" هاوكات شێوازى ئیشكردنى ده‌سته‌كه‌شیان بۆ دواڕۆژ ده‌خاته‌ڕوو.


فارس به‌كوع، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌رى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 8ى ئازارى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ده‌ستمانكردووه‌ به‌ وردبینى ناوى پاڵێوراوانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق، به‌ڵام هیچ ناوێك لاى ئێمه‌وه‌ دورنه‌خراوه‌ته‌وه، چونكه‌ میكانیزمى كاره‌كه‌ به‌پێى لیژنه‌كانه‌، لیژنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان وردبینى ده‌كەن، دواتر زانیارییه‌كان په‌یوه‌ست ده‌كەن به‌ دۆسیه‌ى كه‌سه‌کەوه‌ و به‌رزیده‌كەنه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ى باڵا، دواتر ئێمه‌ش پیاداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ین‌.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگانه‌ى له‌گه‌ڵیدان، ئه‌وه‌نده‌ ببێت لێپرسینه‌وه‌ بیگرێته‌وه‌، ئه‌وا لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، ئیتر یان دویده‌خه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوو دوربخرێته‌وه‌ ئه‌وا دورناخرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ناوه‌كه‌شى هه‌بێت و زانیارى پێویست نه‌بوو ئه‌وا ده‌ڵێین زانیارى ته‌واو نییه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیشمان هه‌ر به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌یه‌، رێوشوێنه‌كانیش به‌پێى یاسایه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌موو كه‌سێكیش ده‌توانێت دواى بڕیارى دورخستنه‌وه‌كه‌ى بڕوات له‌ دادگا تانه‌ بدات، دواتر دادگا رێوشوێنه‌كه‌ى ئێمه‌ش وردبینى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ماناى گه‌ره‌نتییه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى لێپرسینه‌وه‌ و دادوه‌رى وتیشى "ناوه‌كان به‌پێى لیستى هه‌ڵبژاردن بۆ ئێمه‌ نایه‌ت، به‌ڵكو به‌پێى ریزبه‌ندى ناوه‌كانیان له‌ كۆمسیۆنه‌وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى ناوى لیست و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى بنووسرێت".

ئاشكراشیكرد، تائێستا ته‌نها ئه‌و ناوانه‌مان بۆ هاتووه‌، كه‌ به‌ پیته‌كانى (أ) و (ب) ده‌ستپێده‌كه‌ن و ناوى  كاندیدى هه‌موو لیست و قه‌واره‌كانى تیادایه‌.

بڕیاره‌ له‌ 12ى ئایارى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجامبدرێت و بۆ ئه‌وه‌ش لیست و قه‌واره‌كان ناوى كاندیده‌كانیان پێشكه‌شكردووه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure