ئەو قڕكەرانەی سایپەرماسرین لە پێكهاتەكەیدا هەیە قەدەغەكراون

هەواڵ / چاوی تۆ :: 07/03/2018‌ :: 291‌ جار بینراوە

چاوی تۆ، هێڤی عەبدول لەتیف
لەسلێمانی دەستدەگیرێت بەسەر زیاتر لەهەزار پارچە دەرمانی قڕكەری قەدەغەكراودا، كە هۆكارێكی سەرەكین بۆ توشبوون بەجۆری جیاوازی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو نەزۆكی لەژنان و پیاواندا.

بێستون عەلی قادر سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی نوسینگە و كۆمپانیا كشتوكاڵییەكان، زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت "لەكاتی گەڕان و پشكنینەكاندا، بۆ چەند ماركێتێك كە دەكەونە چەند گەڕەكێكی جیاوازی شاری سلێمانی، دەستگیراوە بەسەر بڕی 1274 پارچەی قڕكەری قەدەغەكراودا".

بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان بەكارهێنانی ئەو قڕكەرانە دەبێتەهۆی توشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و نەزۆكی لەژنان و پیاواندا، لە دیارترینی ئەو مەوادانەی كە مەترسیدارن، سایپەرماسرینە كە لەپێكهاتەی زۆربەی ئەو قڕكەرانەدا هەیە دەستی بەسەداگیراوە و مەترسییەكی زۆری بۆ مرۆڤ و ژینگە هەیە.

بێستون عەلی لە بارەی جۆری ئەو دەرمانانەی كە لەبەرهەمهێنانی سەوزە و میوەدا  یاخود بۆ لەناوبردنی مێرووەكان لە ماڵەكاندا بەكاردەهێنرێت وتی "بەپێی رێنماییەكانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو زیاتر لە 100 جۆر مەوادی كیمیایی جۆراوجۆری قەەغەكراو لە پێكهاتەی ئەو سەماد و مێروو قڕكەرانەدا بوونی هەیە".

پێشتر بەهۆی نەبوونی زانیاری و هۆشیارییەوە لەلایەن هاوڵاتیان و خاوەنی كۆمپانیا و خانووە كشتوكاڵییەكانەوە بەكارهێنراون، ئەو قڕكەرانە مەترسی و زیانی زۆریان بۆ تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە هەیە.

وتیشی "لەئێستادا سەرجەم ئەو شوێنانەی كە سەردانمانكردوون لە مەترسی و زیانەكانی ئەو دەرمان و سەمادە قەدەغەكراوانە ئاگادار كراونەتەوە تاوەكو سەوزەو میوەیەكی تەندروست بەرهەم بهێنرێت و تەندروستی هاوڵاتیانیش پارێزراو بێت".

لەڕێگەی كاری بەردەوامی لیژنەی بەدواداچوونی نوسینگە و كۆمپانیا و خانووە كشتوكاڵییەكان توانراوە  كاری سەرجەم ئەو شوێنانە رێكبخرێتەوە كە لیژنەكە رۆژانە سەردانیان دەكەن و لەئێستاشدا سەرجەم ئەو شوێنانەی دەكەونە سنوری ئیداریی قایمقامییەتی سلێمانییەوە خاوەنی مۆڵەتن و رێژیەكی بەرچاویشیان پابەندی مەرج و رێنماییەكانن.


هێڤی عەبدول لەتیف
خوێندكاری كۆلیجی زانستە مرۆڤایەتییەكان/ راگەیاندن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure