وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جۆرێكی حه‌ب و كرێم قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 07/03/2018‌ :: 11838‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی جۆری ده‌رمان له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت "حه‌بی جۆری Atacand 8mg و جێڵی جۆری "Olfen Gel"، كه‌ لەبازاڕه‌كان ده‌فرۆشرێن، خاسێته‌كانیان تیادا نییه ‌و پێویسته‌ به‌كارنه‌هێندرێن".

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی جۆری ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم رایگه‌یاندووه‌،  دوای ئاگادارکردنەوەیان له بوونی جێڵی جۆری "Olfen Gel" به ژماره باچی "N 52335" كه‌ له بازاڕەکانی دەرمان ده‌فرۆشرێن، تیمی چاودێریی بازاڕ دەستیبەسەردا گرت.

بەپێی پشکنینەکان دەرکەوتووە ئەو ماددەیه دەقاودەق خاسیەتەکانی نییه و هیچ کاریگەرییەکی چارەسەریی نییه و رێژەی مادده چالاکەکەی سفره.

داواش لەهاوڵاتیان دەکرێت لەبەکارهێنانی ئەم جێڵه بەم ژماره باچه خۆیان بپارێزن و لەکاتی بەرچاوکەوتنیان لەبازاڕەکانی دەرمان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنتڕۆڵی ده‌رمان ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

له‌به‌شێكی تری راگه‌یاندراوه‌كه‌، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دوای بەدواداچوون و پشکنینی له تاقیگەکانی خۆی، بۆی دەرکەوتووه‌ که حەبی "Atacand 8mg"، که رۆژی بەرهەمهێنانەکەی "6/2015"یه، به ژماره باچی "NAED"، دەقاودەق خاسیەتەکانی تیادا نییه و هیچ کاریگەرییەکی چارەسەری نییه.

كۆنتڕۆڵی ده‌رمان داوا له هاوڵاتیان دەکات له بەکارهێنانی ئەم حەبه بەو ژماره باچه خۆیان بپارێزن، داواش له دەرمانخانه و کۆگاکانی دەرمان و هاوڵاتیان دەکات له هەر شوێنێکی بازاڕی دەرمان ئەم حەبەیان بەرچاوکەوت، ئاگاداریان بکەنەوه.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure