مامۆستایانى هه‌ڵه‌بجه‌ هانا بۆ په‌رله‌مانى عێراق دەبەن

هەواڵ / کوردستان :: 07/03/2018‌ :: 168‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى فشار له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى له‌باره‌ى جێبه‌جێكردنى ئەو به‌ڵێنانه‌ى كه‌ به‌ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى داوه‌ بۆ خه‌رجكردنى مووچه‌كانیان، ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 7ی ئازاری 2018 ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا و له‌ به‌یاننامه‌یەكیشیاندا داواكارییه‌كانیان خسته‌ڕوو.


له‌خۆپیشاندانه‌كه‌دا، دانا عه‌بدول، به‌ناوى مامۆستایانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌یاننامه‌یه‌كى خوێنده‌وه‌ كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو "ئێمه‌ى مامۆستایانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ شكشتى پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و داخستنى ده‌رگاى خوێندنگەكان ده‌خه‌یه‌نه‌ ئه‌ستۆى هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا، چونكه‌ هه‌ستده‌كه‌ین قوتى ئێمه‌ى مامۆستایان و مووچه‌خۆران كراوه‌ته‌ قوربانى سیاسه‌ته‌كانى هه‌ردوو حكومه‌ت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، داواكارین هه‌رچى زووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ كردار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستایان و مووچه‌خۆرانى هه‌رێم بكات و به‌ڵێنه‌كانى له‌ قسه‌وه‌ بكاته‌ كردار و چیتر واز له‌ سیاسه‌تى برسیكردنى هاووڵاتیانى هه‌رێم بهێنێت، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر بایكۆتكردنمان به‌رده‌وام ده‌بین تا جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانمان.

دواتر له‌لایه‌ن موسه‌نا ئه‌مین، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌نوسیدا ئه‌وه‌ى راگه‌یاند، له‌ئێستادا هیچ بیانوییه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌ده‌ست سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ خه‌رجكردنى مووچه‌ى مامۆستایان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى، بۆیه‌ ئێمه‌ش هاوڕاین له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانى مامۆستایانى هه‌ڵه‌بجه‌ و نابێت موچه‌ تێكه‌ڵ به‌ پرسه‌ سیاسسییه‌كان بكرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا چاوه‌ڕێى جێبه‌جێكردنى ئه‌و به‌ڵێنه‌ین كه‌ گوایه‌ پێش جه‌ژنى نه‌ورۆز مووچه‌ خه‌رجده‌كات.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غداوه‌ سته‌مێكى زۆر له‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا نیگه‌رانى مامۆستایان مافێكى ڕه‌واى خۆیانه‌، هه‌روه‌ها له‌دانیشتنماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق نیگه‌رانى هاووڵاتیان و خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌مان گه‌یاندووه‌، به‌ڵام به‌ڵێنێكى جددیمان وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌م سیاسه‌ته‌ى خۆى ئێمه‌ش هه‌ڵوێستى دیكه‌ ده‌گرینه‌ به‌ر.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure