حكومه‌تی هه‌رێم: خۆپێشدانه‌كانی مامۆستایانی سلێمانی یاسایی نەبوون

هەواڵ / کوردستان :: 07/03/2018‌ :: 8841‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌ وه‌ڵامى رێكخراوى هیومان رایتس وۆچ، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت خۆپێشدانه‌كانى مانگى کانونی یەکەمی ساڵى 2017 لە سلێمانی و دەوروبەری ئەنجامدران یاسایى نەبوون، چونکە مۆڵەتیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت وەرنەگرتبوو.


ڕێككه‌وتى 28ی شوباتى 2018 رێکخراوی هێومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی (کوردستانی عێراق: دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان، داپڵۆسینی مافی گردبوونەوە) تێیدا باس لەوەدەکات، خۆپێشاندانه‌كانى مانگى کانونی یەکەمی ساڵى 2017 ى شاری سلێمانی و دەوروبەری و هێزەکانی ئاسایش لە پارێزگای سلێمانی ژمارەیەک هاووڵاتی بەشداربووی خۆپیشاندان و میدیاکاری دەستگیرکردووە و بەڵێننامەیان لێوەرگرتووە کە نابێ جارێکی تر بەشداری خۆپیشاندان بکەن و رەخنە لە حکومەت بگرن ئەمەش کراوەتە مەرجی ئازادکردنیان. 

هەروەها  باس لە دەستگیرکردنی چەند رۆژنامەنووسێک دەکات کە هەوڵی رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانیان داوە و هەڕەشەی جۆراوجۆریان لێکراوە.

لەم بارەیه‌وه‌ دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ ڕاگه‌یەنراوێكدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە کە بە یاسای (رێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (11) ی ساڵى (2010) ناسراوە، بەپێی ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکی دەستوورییە بەپێی یاسا پیادە دەکرێ بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە و لە میانەیدا جەماوەر گوزارشت دەکات لە رای خۆی و پیشاندانی خواستە رەواکانی خۆی بەشێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان و ڕەچاوکردنی پرەنسیپ و ڕێساکانی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان.

زێباری، ئەوەشی خستەڕوو، ئەم یاسایەی هەرێم هاوشێوەی وڵاتانى جیهان خۆپیشاندانەکان رێكدەخات و شێواز و کات و ئامانجى بە وردى دیارى دەکات بۆ ئەوەی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەرانیش پارێزراو بێت، بەم پێیەش هەر خۆپشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت پێویستە مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەربگیرێت، لە هەمان کاتدا نابێ پیادەکردنی مافی خۆپیشاندان لە هاووڵاتیان قەدەغە بکرێت، چونکە ئەمە پێچەوانەی یاسای خۆپیشاندانە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، ئاماژه‌شى به‌وه‌كردووه‌،  بەگوێرەی یاسا، ئەو خۆپیشاندانانەی لە ماوەی نێوان 18 بۆ 23 ى مانگى دیسەمبەری 2017 لە سلێمانی و دەوروبەری ئەنجامدران یاسایى نەبوون، چونکە مۆڵەتی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت وەرنەگرتبوو و دواتریش بوونە هۆی نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لە زۆربەی ئەو ناوچانەدا.

ده‌شڵێت "لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانى توندوتیژی لەلایەن خۆپیشاندەران روویدا کە زیانێکی ماددی زۆری لێکەوتەوە و چەندین شوێن و موڵکی گشتی و تایبەتی هاووڵاتیان سووتێنران، سەرەڕای ئەمەش لایەنە ئەمنییەکان هاریکاربوون لەگەڵ خۆپیشاندەران و تەنها بۆ ماوەیەکى کورت چەند کەسێکیان راگرت ئەویش بۆ پاراستنى سەلامەتییان تا هێوربوونەوەی بارودۆخەکە و نەمانی ئەو ئاڵۆزى و پشێویانەی کە ڕوویاندا دواتر ئازاد کراون".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure