وێستگەی راپەڕین

هەواڵ / چاوی تۆ :: 06/03/2018‌ :: 465‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

ھەرمن ئەحمەد
كە باس لە وێستگە دەكرێت، راستەوخۆ بیرمان بەرەو وێستگەی پاس، یان شەمەندەفەر و گواستنەوە پەلدەكشێ. ئەكرێ وێستگە وەستان بێت بۆ سەیركردن و شیكاریی لە ھەر دیاردە و وشەیەك لە سەردەم و كاتێكدا ببێتە وێردی سەرزمانی زۆرێك لە ھاووڵاتییان كە گوزارشت لە پێكەنین، گریان و ئازاریان بكات. ئەمەش بە ئاسانی لە رستە و دەستەواژە و زمانی ژیانی رۆژانەیان خۆی دەبینێتەوە.

وێستگەی ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، زۆرترین و قورسترین ئازارەكانی خەڵكی باشوری كوردستان لەخۆدەگرێت، سەرچاوەكەیشی لەو دیاردانە ھەڵدەقوڵێت كە لە ھەشتاكاندا رژێمی بەعس شاڵاوی كیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفالی گەرمیان و بارزانییەكان و دەیان ناوچەی دیكەی كوردستانی دەستپێكرد.

سێ دیاردەی ناشیرن و پڕ لە ئازار، ئەوەیش بووە ھۆی رەشە كوژی نەتەوەیەك و بازرگانیكردن بە پەرێزی پاكی ژنانی كورد و ماڵوێرانكردنیان و دەربەدەركردنیان كە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئاسەوارەكەی بەژیانی زۆرینەمانەوە دیارە.

وێستگەی راپەڕین، دەسپێكی نەوەدەكان، وەچەرخانێكی میژوویی شۆڕشی باشوری كوردستان به‌ راپەڕینی سەرتاسەری لەدایكبوو، ئەوەیش بەیداخی كوردستان بۆ یەكمجار لە بەرزاییەكانی جەبەل حەمرین ھەڵكرا. دەسەڵاتی بەعس لە كوردستان كۆتاییھات و ئەمەش بەرگێكی دیكەی بە بەر نەتەوە و نیشتماندا كرد و بووین بە خاوەنی حكومەت و پەرلەمان.

وێستگەی شنگال، دوای دەیان ساڵ، ئارامی و ھێمنی باڵی بەسەر كوردستان كێشا و تا رادەیەك خەڵكی بە ژیانی خۆیانەوە سەرقاڵبوون، وڵات بەرە و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەنگاوی دەنا. بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەریھەڵدا و رووی له‌ ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان كرد و بە دڕندانەترین شێوە پەلاماری شنگال-یاندا و برینەكانی ئەنفال و كیمیابارانیان لا زیندووكردینەوە و ئەوەی بەعس لە رابردوو بە سەری ھێنابووین داعش-یش لەسەر كوردانی ئێزدی دووبارەی كردەوە.

وێستگەی كەركوك، ھەرگیز چاوەڕێ نەدەكرا كەركوك لە دەستبدەین و تەواوی ھاوكێشەكان بەم ئاسانییە لە شارەكەدا بگۆڕدرێن و خەونی سەدان ساڵەی كورد لە گۆڕبندرێت، ئەوەیش بە داگیركردنی كەركوك لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقه‌وه‌، ھەروەھا ھێنانەخوارەوەی ئاڵای كوردستان لە ھەموو شوێنێكی كەركوك و شكاندنی پەیكەری پێشمەرگە و سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی كورد لە شارەكە. 

بەدەر لەمانەش ئەوەی لە خورماتوو روویدا قەتلوعامكردنی كورد و دەربەدەركردن و تەعریبكردنی بوو لە ناوچەكە كە بووە ھۆی ئاوارەكردنی سەدان ھەزار خێزانی كورد. ئەمانە ھەمووی وێستگەی تاڵ و شیرینن كە ھەرگیز لە یاد ناكرێن و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەروونی ھەر تاكێكمان ھەیە، بەجۆرێك خەڵكێكی زۆر دووچاری شڵەژان و بارێكی خراپی دەروونی ھاتووە. لەڕاستیدا دەبوو بە تێپەڕبوونی كات، بەرپرسانی كورد لە باشوری كوردستان زیاتر ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان بە ئەنجام گەیاندبایە، بەڵام بەداخەوە ئەم وێستگە مێژووییانە بەزوویی كوژانەوە. ئەگەرچی شێوازی كاركردنی بەرپرسان بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا دەبێت زیاتر چاوەڕێی ھەڵدێر و لێكترازانی زیاتر بین، چونكە ناتەبایی و ناكۆكیی نێوماڵی كورد دەرفەتی داوەتە دوژمنان بۆئەوەی دەرفەتەكان لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە و دواجار باجەكە لەسەر شانی گەل دەبێت، بێ ئەوەی كاریگەرییەكی ئەوتۆیی لەسەر ژیان و گوزەرانی بەرپرسان ھەبێت، بۆیە گرنگە بەجدیی شان بدەنە بەر ئەركە گرنگەكان و كۆتایی بە ناكۆكییەكان بێنن و یەكگرتوانە تێبكۆشن بۆ ئەوەی ھیوا بۆ خەڵكی كوردستان بگەڕێننەوە كە ئێستا پڕن لە بێھیوای و لە لووتكەی تووڕەبوون، لەوپەڕی ژیانی سەخت و گوزەراندان كە بەھۆی قەیرانی دارایی دووچاری بوونە.

 لەبەرئەوە پێویستە بە كردەیی حكومەت ھەنگاو بنێت و كۆتایی بە یەكتر تۆمەتباركردن بێنن بۆ ئەوەی یەكدەنگیی دروستبێت، تا پێش ھەڵبژاردنەكانی عێراق خۆیان بە باشی ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بە بەھێزییەوە بچنە نێو دانیشتن و گفتوگۆ سیاسییەكانەوە. گەر تەنیا بۆ یەكجاریش بێت پێوسیتە لایەنەكان، كۆتایی بە موزایەدەی سیاسی بێنن، بەتایبەتی لەم قۆناغه‌ سەختەدا كە بە یەكجاریی خەڵكی باشوری كوردستانی ھەراسان و سەرگەردان كردووە.

نابێت بیرمان بچێت بەھاری راپەڕینی سەرتاسەریی خەڵكی كوردستان لە ژێر چەتری یەكڕیزی و یەكھەڵوێستیی شۆڕشدا كرا و بەرھەمێكی مەزنی ھەبوو، با ئەم بەھارە نركە و ناڵەی تێكەڵ بكات لەگەڵ یادی راپەڕینی 1991 بۆ دەستەبەركردنی یەكڕیزیی نیشتمانی. هه‌ر ئه‌مه‌ تاكە زامنە بۆ وەڵامدانەوەی نەیاران و دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا كه‌ كورد لە باشوری كوردستان رووبەڕووی بووەتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure