به‌غدا داوا له‌ هه‌رێم ده‌كات مه‌رجه‌كانى بودجه‌ى 2018 جێبه‌جێ بكات

هەواڵ / ئابوری :: 06/03/2018‌ :: 887‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایی له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات، حكومه‌تى فیدراڵى هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ هه‌رێم كردوه‌، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانى بودجه‌ جێبه‌جێ نه‌كات پشكى هه‌رێم راده‌گرێت.

حسام ئه‌لعقابى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى فورات نیوز رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستى كۆمپانیاى سۆمۆ و داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان نه‌دات به‌ حكومه‌تى فیدراڵى، حكومه‌تى عێراق بودجه‌ى هه‌رێم نانێرێت". 

وتیشى "بۆ هێوركردنه‌وه‌ى گرژییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، تریلیۆنێك دینار بۆ هه‌رێم زیادكرا، به‌وپێیه‌ى ئه‌و ته‌رخانه‌ى بۆ هه‌رێم دانرابوو، به‌شى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ناكات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیكرده‌وه‌، به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق پشكى هه‌رێم  ناگاته‌ زیاتر له‌ 13%، ئه‌و تریلیۆن دیناره‌ش كه‌ زیادكراوه‌ بۆ رازیكردنى هه‌رێم و حه‌شدى شه‌عبى بووه‌.

دوێنێ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "لە ئەنجومەنی نوێنەران تەرخانکراوی مووچە و خانەنشینی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم لەیاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە بڕی ٣٣٤ ملیار دینار زیادکرا بۆ ٤١٨ ملیار دینار مانگانە لە ڕێگای زیادکردنی یەک ترلیۆن بۆ ئیحتیاتی تەواری، جگە لە تەرخانکراوی ھێزەکانی پێشمەرگە کە وەک خۆی ماویەوە".

ئامانج رەحیم وتیشى "لە یاساکەدا کە بەجیا خەرجدەکرێت، تەرخانکراوی خەرجییەکانی سیادی بۆ ھێزەکانی وشکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ هەیە".

هەروەها ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ، وتی "زیادكردنی پشكی هه‌رێم به‌جۆرێك رێكخراوه‌ كه‌ بێ گرفت تێپه‌ڕێندرێت، به‌جۆرێك یه‌ده‌گی فریاكه‌وتن له‌دوو ترلیۆنه‌وه‌ كرا به‌ سێ ترلیۆن دینار، ترلیۆنێكی بۆ هه‌رێم بێت، به‌وه‌ش به‌تێكڕا پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی ئه‌مساڵی عیراق ده‌كاته‌ 8 ترلیۆن و 500 ملیار دینار".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure