بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێم سكانه‌ری ئه‌لیكترۆنی به‌كارده‌هێندرێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/03/2018‌ :: 405‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم بڕیاریداوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ هاوشێوه‌ی كۆمسیۆنی عێراق سكانه‌ری ئه‌لیكترۆنی به‌كاربهێنێت و داواشی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ بوجه‌ی پێویست دابین بكات.

شێروان زرار، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم به‌دواڕۆژی راگه‌یاند، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریان داوه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سكانه‌ری ئه‌لیكترۆنی به‌كاربهێندرێت، بۆ ئه‌مه‌ش داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ بڕی بودجه‌ی پێویست كه‌ حه‌وت ملیار و 500 ملیۆن دیناره‌ بۆ كڕێنی ئامێری سكانەره‌كان دابین بكات.

 وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم وتیشی "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تا ئێستا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دابینكردنی بڕی ئه‌و حه‌وت ملیار و 500 ملیۆنه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵام وتویانه‌ دواتر وه‌ڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ دابینكردنی بوجه‌كه‌، چونكه‌ دروست كردنی سكانه‌ره‌كه‌ به‌پێی داواكاری كۆمسیۆن ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست و دروستكردنی ئامێره‌كه‌ نزیكه‌ی چوار مانگی پێویسته‌ تا ده‌گاته‌ ده‌ست كۆمسیۆن. 

له‌ باره‌ی دیاریكردنی رۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت شێروان زرار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌ر له‌ هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت و كۆمسیۆن ئه‌نجام بدرێت، به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌ڵێنیان پێداون هه‌ر كاتێك سه‌رۆكی حكومه‌ت هاته‌وه‌ رۆژێك دیاری ده‌كه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی كۆمسیۆنیان نه‌داوه‌ته‌وه‌.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure