دواڕۆژ
رۆژنامه‌ی ئیندپێنده‌نتی بریتانی له راپۆرتێكی نوێیدا ئاشكرایده‌كات، چه‌ند ئاماژه و به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌ن كه نیشانیده‌ده‌ن داعش به‌هۆی ناكۆكی له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌ی كه دژی بوون، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ مۆڵگه كۆنه‌كانی جا چ موسڵ و كه‌ركوك بێت له عێراق یاخود ره‌ققه و دێره‌زوور بێت له سوریا.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، به‌رپرسه رۆژئاواییه‌كان نیگه‌رانن له زیادبوونی هێرشه‌كانی داعش له سایه‌ی زیادبوونی ناكۆكی ئه‌و هێزانه‌ی كه له دژی شه‌ڕیان كردووه، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی لایه‌نگرانی رێكخراوه‌كه له‌و ناوچانه‌ی كه "سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش تێیاندا راگه‌یه‌نراوه".
رۆژنامه‌كه جه‌ختی له‌وه‌شكردووه كه ژماره پێكدادانه‌كانی نێوان داعش و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، بۆنمونه، له شه‌ش هه‌فته‌ی رابردوودا زیادیكردووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌و هێزانه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام چه‌كداره‌كانیان له‌ده‌ستبده‌ن.
راپۆرته‌كه ئهوهیخستوهتهڕوو كه نیشانه‌ی دیكه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش هه‌ن بۆ مۆڵگه كۆنه‌كانیان، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه دانیشتوانی شاری دێره‌زووری سوری خستویانه‌ته‌ڕوو، چونكه دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه ناتوانن له كاتژمێر 3 عه‌سره‌وه له شه‌قامه‌كاندا گوزه‌ر بكه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌وكاته به‌دواوه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات خاڵه‌كانی پشكینین به‌جێده‌هێڵن و لایه‌نگرانی داعش ده‌رده‌كه‌ونه‌وه، ده‌وترێت ئه‌م حاڵه‌ته له حه‌ویجه‌ش بوونی هه‌یه، چونكه به‌رپرسه حكومییه‌كان شه‌و له كه‌ركوك به‌سه‌رده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له شوێنێكی ئارام و دوور له تیرۆركردن پشوبده‌ن و به‌رۆژیش ده‌چنه‌وه حه‌ویجه بۆیه دۆخی ئه‌و شارۆچكه‌یه له شه‌واندا نائارامه.
به‌پێی رۆژنامه‌كه یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌م دواییانه‌دا پاكردنه‌وه‌یان له داعش راگه‌یه‌نرا بریتییه له‌وه‌ی كه قه‌یرانه‌كه له پێشوودا یه‌ك قه‌یران بووه، به‌ڵام له‌ئێستادا بووه به چه‌ند دانه‌یه‌ك، له‌وانه ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، كه وایكرد حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌و هێزانه‌ی بنێرێته ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان كه پێشووتر له دژی داعیش جه‌نگیان كردووه.
ڕۆژنامه‌كه له زاری نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك بڵاویكردووه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت "هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق نه‌یانتوانیووه به‌ڕاستی حه‌ویجه له داعش پاكبكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌وێ شوێنێكی كلاسیكی داعشه و هێزه‌كانی عێراق زیاتر سه‌رقاڵی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كورد بوون وه‌ك له داعش له‌و ناوچه‌یه‌دا".
له سوریاش، ئۆپراسیۆنی توركیا بۆسه‌ر كورده‌كانی باكوری حه‌له‌ب و عه‌فرین له 20ی كانونی دووه‌می رابردووه‌وه، وایكردووه كه دۆخی سه‌ربازی زۆر گونجاوبێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له‌ی كه هێزه دژه‌كانی تێیدان.
له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌كه سه‌باره‌ت به به‌هێزبوونی داعش، ئەڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم) ده‌ڵێت "ته‌ماشای گۆڕستانهكانمان بكه، هه‌موو رۆژێك پێنج یا حه‌وت هه‌تاوه‌كو 18 شه‌هید ده‌ده‌ین، چه‌كداره‌كانی داعش-یش له ئێستادا ئه‌وان هێرشده‌كه‌ن له‌كاتێكدا كه پێشووتر ئێمه هێرشمان ده‌كرد".
رۆژنامه‌كه له ڕاپۆرته‌كه‌دا رونیكردووهتهوه كه گه‌رانه‌وه داعش له ئێستادا له قۆناغی سه‌ره‌تاییدایه و چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هه‌ن به‌بوونی شانه‌ی نوستوو له شاری ره‌ققه كه داعش نزیكه‌ی 4 مانگ له پێناویدا شه‌ڕیكرد تا 20 ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاتر ده‌كات داعش به نه‌فه‌س و ته‌وژمێكی به‌هێزه‌وه بگه‌ڕێته‌وه.
وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین