به‌رێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ی هەڵەبجە: بە مامۆستایانمان نه‌وتوه‌ بایكۆت بكه‌ن تا داوابكه‌ین بیشكێنن

هەواڵ / کوردستان :: 05/03/2018‌ :: 232‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ لێوارى شكستدایه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان له‌مه‌ترسییه‌كانى به‌رده‌وامى بایكۆت ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌، هاوكات ئه‌نجامدانى بایكۆتى هۆڵه‌كانى خوێندن له‌سه‌ر داواى ئێمه‌ نه‌بووه‌ تا داوا له‌ مامۆستایان بكه‌ین بایكۆت بشكێنن.


سۆران عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستى خستنه‌ڕووى  مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و فه‌وتانی خوێندنی ساڵێكی خوێندكاران به‌هۆی به‌رده‌وامی بایكۆته‌وه‌ بوو،  له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنگەكانى سنوره‌كه‌ كۆبوینەته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌مومانه‌وه‌ پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌لێواری شكست و كه‌وتن بپارێزین و بیخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر باری ئاسایی خۆی.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئێمه‌ داوامان له‌ مامۆستایان نه‌كردووه‌ بایكۆت بكه‌ن تا داوابكه‌ین بیشكێنن، به‌ڵكو مامۆستایان بۆ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانیان ئه‌م ڕێگەیەیان هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌هیواین حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بێنه‌ سه‌رهێڵ و كۆتایى به‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى په‌روه‌رده‌ بهێنن.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌بوبێت له‌ باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى په‌ككه‌ونى پڕۆسه‌ى خوێندن، ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌ت و حكومه‌تمان كردووه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا داوامان له‌ مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان كردووه‌ به‌ گوێره‌ى توانا ده‌ستبكه‌ن به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى خوێندن". 

وته‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ 4ی ئازاری 2018 به‌شێك له‌ مامۆستایانی ناڕازی دژی هه‌وڵه‌كان بۆ شكاندنی بایكۆت گردبونه‌وه‌یه‌كیان سازكرد و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌رده‌وامی بایكۆتیان ڕاگه‌یاند.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure