كورد به‌ په‌رته‌وازه‌یى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كه‌ركوك ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/03/2018‌ :: 319‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
پاش 13 ساڵ لایەنە سیاسییەكانی كەركوك لە كورد، عەرەب و توركمان گەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكە، بەڵام پێناچێت كورد بۆ كۆتاییهێنان بەپەرتەوازەیی ناو ماڵی خۆی بگاتە هیچ رێككەوتنێك.


رۆژی 3ی ئازاری ئەمساڵ مادەی 37 لە پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە تایبەت بوو بەكەركوك پەسەندكرا، ئەوەش دوای ئەوەی گۆڕانكاری لەچەند ماددەیەكی یاساكەدا كرا بەشێوەیەك سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێككەوتن.

بەپەسەندكردنی ئەو یاسایەش مافی هەڵبژاردنی ئەنجومەنێكی نوێی بۆ پارێزگاكە دەستەبەركرد كە بڕیارە رۆژی 22ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.

ئەگەرچی ماوەی 10 مانگ ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە یەكەم جارە لەدوای ساڵی 2005 لەپارێزگای كەركوك ئەنجامبدرێت، بەڵام یەكێتی و پارتی هاوشێوەی كۆی پڕۆسەكانی دیكە لەبارەی ئەم هەڵبژاردنەشەوە ناكۆكن و رای جیاوازیان هەیە، بەشێوەیەك پارتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەگەر دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە ئەوا ناتوانن بەشداری بكەن.

یەكێتیش كە لەسەرجەم هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی كەركوكی بەدەستهێناوە و ئەو شارە بە "قەڵای سەوز" ناودەبات، دەڵێت "هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك تاوەكو پڕۆسەیەكی بێگەرد ئەنجامبدرێت".

یاسین عیزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دواڕۆژی وت "چەندین ساڵە شەڕی هەڵبژاردنی ئەنجومەنێكی نوێ دەكەین بۆ كەركوك ئەمەش وایكردووە كە بەباشی خۆمانی بۆ ئامادەبكەین هەرچەندە ئەم دۆخە نەخوازراوەی هاتوەتە ئاراوە توشی كێشەی گەورەی كردووین".

وتیشی "وەكو یەكێتی لەپاڵ ئامادەكارییەكانمان بۆ پاراستنی ئەو دەنگانە پێشتر بەدەستمانهێناوە، هاوكات هەوڵەكانیشمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كارگێڕی و ئەمنی شارەكە بەردەوامە و فشاری زیاتریش دەكەین بۆ دورخستنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان لەكەركوك".

هۆشداریشیدا كە "ئەگەر دۆخەكە هەتاوەكو ئەوكاتە ئاسایی نەكرێتەوە ئەوا یەكێتی هەڵوێستی دیكەی دەبێت و هەرگیز كۆڵنادەین".

لە 30ی كانوونی دووەمی 2005 هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانكردنی 41 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجامدرا و تێیدا لیستی برایەتی 26 كورسیی ئەنجوومەنەكەی بەدەستهێنا.

لیستی برایەتی لە یەكێتی، پارتی، سۆشیالیست، یەكگرتووی ئیسلامی، شیوعی و چەند حزبێكی دیكەی توركمانی و عەرەبی نزیك لە كورد پێكهاتبوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، شارەكەی بەرەو هەولێر بەجێهێشت، بەبیانوی بوونی هێزی داگیركەر لەكەركوكدا بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد، پێشیوایە جارێ زووە بڕیار لەسەر بەشداریكردن یاخود بەشدارینەكردن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكەدا بدات.

عەدنان كەركوكی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوكی پارتی بە دواڕۆژی وت "ئەگەر دۆخی ئیداری و ئەمنی پارێزگاكە ئاسایی نەكرێتەوە و نەگەڕێنرێتەوە پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەوا هیچ زەمانەتێك نییە بۆ بەشداریكردنی كورد لەهیچ هەڵبژاردنێك هەرچەندە هێشتا زووشە قسەی لەسەر بكەین".

ئەو بەرپرسەی پارتی رەخنەی لەیاساكەش گرت هەرچەندە پەرلەمانتارەكانی ئەو حزبەش واژۆیان لەسەری كردبوو، وتی "بەپێی یاساكە دەسەڵاتی بڕیاردان لەچارەنوسی شارەكە لەئەنجومەنی پارێزگا سەندراوەتەوە كە ئەمە بۆ كورد كارێكی باش نییە، لەكاتێكدا بڕیاردان لەچارەنوسی ئایندەی هەر پارێزگایەك لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكەدایە".

بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە تەنها بۆ ئەم خولەیە، پێویستە وردبینی لە تۆماری ناوی دەنگدەران بكرێت و دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانیشی خستوەتە دەسەڵاتی ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی ئایندەی شارەكە بەمەرجێك هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆش نەكرێت، هەروەك دەسەڵاتەكانی بڕیاردان لە چارەنوسی پارێزگاكەی لەلای ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی ئایندە نەهێشتووەتەوە.

پێشتر ناكۆكی پێكهاتەكانی كەركوك لەسەر تۆماری دەنگدەران و شێوازی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە و دابەشكاریی پۆستەكان و باری تایبەتی كەركوك سەرەكیترین بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنێكی نوێ بوو كە وایكرد شارەكە لە دوو هەڵبژاردن بێبەشبكات.

بەپێی پڕۆژەیەكی حكومەتی عێراقیش بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە لە ‌5ی كانوونی یەكەمی 2016 پەسەندیكرد، ژمارەی ئێستای كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە ڕێژەی (45% ـ 50%) كەمدەكرێتەوە.

وەك لە پڕۆژەیاساكەدا هاتووە، ئەنجومەنی هەر پارێزگایەك لە (10) ئەندام پێكدێت، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەر شارێكیش لە ملیۆنێك زیاتر بێت، بۆ هەر (200) هەزار كەسێك كورسییەكی دیكە زیاد دەكرێت.

بەپێی پڕۆژەكەش ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە (41) ئەندامەوە بۆ (12) ئەندام كەمدەكرێتەوە بەو پێیەی ژمارەی دانیشتووانی بە نزیكەی ملیۆن و 400 هەزار كەس خەمڵێندراوە.

پەرتەوازەیی ناو ماڵی كوردیش ئەوەندەی دیكە مەترسی هەیە بۆ لەدەستدان و كەمبوونەوەی كورسییەكانی لەئەنجومەنی داهاتوو پارێزگاكە، بەتایبەت كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوانیانەوە نەیانتوانی بەیەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی مانگی ئایاری داهاتوو بكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە