"مووچەی ئەم وەزارەتە مانگانە دابەشدەکرێت"

هەواڵ / ئابوری :: 04/03/2018‌ :: 73359‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌، ئه‌مریكا هیچ مه‌رجێكى بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دانابێت، دەڵێت "چه‌ند كه‌سێكى ئه‌مریكى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌كه‌ به‌شێوازێكى رێكوپێك و دابه‌شكردنى مووچه‌كه‌یان مانگانه‌ دابه‌شده‌كرێت"


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ى ئازارى 2018، له‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كى میدیایی ناوخۆى هه‌رێم بڵاوكراته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌چه‌ند مه‌رجێك مووچه‌ى لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دابه‌شده‌كات، له‌وانه‌ ده‌بێت لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كه‌ دواى 16ى تشرینى یه‌كه‌مى 2017 لێكترازاون یه‌كبگرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها دوو لێژنه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌ به‌غداوه‌ دێت و ئه‌وه‌یتریان له‌ هه‌ولێر، سه‌رپه‌رشتى دابه‌شكردنى ئه‌و مووچه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مریكا به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى ده‌دات.

جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى ئه‌مریكا وه‌ك مووچه‌ به‌ لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌گه‌و بنكه‌كانى مه‌شق و راهێنانى ده‌دات، هیچ مه‌رج و لێژنه‌یه‌كى بۆ دانه‌نراوه‌".

وتیشى "چه‌ند كه‌سێكى ئه‌مریكى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌كه‌ به‌شێوازێكى رێكوپێك، هه‌روه‌ها دابه‌شكردنى مووچه‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ مانگانه‌ دابه‌شده‌كرێت".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، ئه‌و پاره‌یه‌ى ئه‌مریكا به‌ لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى ده‌دات له‌ بانكێكى ئه‌هلى له‌ هه‌ولێر دانراوه‌.

له‌باره‌ى مه‌رجى یه‌كگرتنه‌وه‌ى لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، قاره‌مان شێخ كه‌مال جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئه‌ركان بۆ ئۆپراسیۆنه‌كان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "یه‌كگرتنه‌وه‌ى لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامه‌و هیچ كێشه‌یه‌كى بۆ دروست نه‌بووه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ى به‌شێك له‌ لیواكان ته‌واو بووه‌و به‌شێكى تریشى ماوه‌، به‌ڵام ئه‌مریكه‌كان هیچ كاتێكیان بۆ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى لیواكان بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌كانیان، دانه‌ناوه‌.

ئەمریكا بۆ ساڵى 2018، بڕی 365 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكارى هێزەكانی پێشمەرگە ناردووە، كه‌ وه‌ك مانگانه‌ ته‌نیا به‌ لیواكانى وه‌زاره‌ت و بنه‌كانى مه‌شق و راهێنان ده‌درێت و له‌و مانگه‌وه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌كه‌ ده‌ستیپێكردوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure