فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێم بۆ مه‌خمور ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 04/03/2018‌ :: 502‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ قه‌زای مه‌خمور.


لەدوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ به‌هۆی هاتنی هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌زای مه‌خمور چۆڵكران و ڕێگەی نێوان هه‌ولێر و ئه‌و قه‌زایه‌ش داخرا.

 

كرمانج عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی لقی 23ی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "ڕۆژی هه‌ینی 2ی ئازار له‌ قه‌زای مه‌خمور كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان پارێزگاری موسڵ و جێگری پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ و قایمقامی مه‌خمور و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی موسڵ ئه‌نجامدرا و له‌و كۆبوونه‌وەیە‌دا رێككه‌وتن كرا به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی قایمقامیه‌ت و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی سنوره‌كه‌، به‌مه‌به‌ستی ئاساییبوونه‌وه‌ی ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌".

 

ناوبراو، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێویسته‌ به‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كان بۆ مه‌خمور سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانگانه‌ چۆڵبكرێن كه‌ ئێستا بوونەته‌ باره‌گای سه‌ربازی.

 

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا ئاماده‌یی خۆیان ده‌ڕبڕیوه‌ به‌كردنه‌وه‌ی ڕێگەی هه‌ولێر- مه‌خمور، به‌ڵام شاندی عێراقی لای خۆیه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، په‌یوه‌ندی به‌سه‌رووی خۆیانەوە ده‌كه‌ن بۆ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ڕێگەكه‌.

 

ڕزگار محه‌مه‌د، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی مه‌خمور، بۆ دواڕۆژ، ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌كات، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاماده‌كاری ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له‌وانه‌ قایمقامیەت و سه‌رۆكایەتی شاره‌وانی و به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی مه‌خمور و ته‌ندروستی و ناسنامه‌ی باری شارستانی و كشتوكاڵ و ڤێتێرنه‌ری و چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی دیكه‌ی مه‌ده‌نی، جگه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ ئه‌منییه‌كان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure