په‌رله‌مانتارانی كورد له‌به‌غدا چاویان له‌بژارده‌یه‌كه‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2018‌ :: 781‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌په‌سه‌ندكردنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقدا، سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایه‌تى كورد و بایكۆتى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان، پشك و به‌شى كورد كه‌مكرایه‌وه‌، له‌ئێستا زۆرینه‌ى فراكسیۆنه‌كان و په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق، چاویان له‌بژارده‌ى بایكۆتى پرۆسه‌ى سیاسى عێراقه‌.

موسه‌ننا ئه‌مین، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌بێت كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ هه‌ڵوێستى سیاسى هه‌بێت، بچێته‌وه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بانگه‌شه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بكات‌، كه‌ ئێمه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ قۆناخێك ئه‌بێت خاڵێك دانه‌ین و بێنه‌وه‌ سه‌ردێڕێكى نوێ، ئه‌مشێوه‌یه‌ى ئیداره‌ى عێراق دراوه‌، داعشى به‌رهه‌مهێناوه‌، قه‌یران و كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كانى نێوان عێراق و هه‌رێمى به‌رهه‌مهێناوه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ى دروستبوونى ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌ى هه‌رێم و به‌غداش".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "ئه‌بێت كورد داواى هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى بكات، بۆ چاره‌سه‌ركردنێكى ریشه‌یى له‌گه‌ڵ به‌غدا، گفتوگۆكان به‌چاودێرى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكات".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى ئاینده‌ى كورد موسه‌ننا وتى "پێشنیارى ئه‌وه‌م كرد، هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ كورد بچێته‌وه‌ هه‌ولێر و له‌وێوه‌ داواى پاڵپشتى نێوده‌وڵه‌تى بكات، پێویسته‌ كورد بایكۆتێكى سیاسى جوزئى رابگه‌یه‌نین، بۆئه‌وه‌ رێككه‌وتنى ریشه‌یى له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا بكرێت".

ئارێز عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "داوامان له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان و حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌، هه‌ڵوێستێك له‌و باره‌وه‌ وه‌ربگرن، ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنه‌كان چاوه‌ڕوانى حكومه‌تى هه‌رێمین، ئایا ئه‌وان به‌و یاسایه‌ رازین یان نا".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد "بایكۆتى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئاینده‌، یان پاشه‌كشه‌كردن له‌سه‌رجه‌م ده‌زگاكانى حكومه‌تى فیدرالى و پرۆسه‌ى سیاسى یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كان، تاوتوێ ده‌كرێت".

هاوكات سیروان سیرینى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داواده‌كات "سه‌رۆك كۆمار و سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد بایكۆتى پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئاینده‌ى عێراق بكه‌ن، گۆنگره‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ببشترێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى نمونه‌یه‌كى ترى حوكمڕانى له‌ عێراق".

ده‌شڵێت "كورد هه‌موو بژارده‌كانى له‌به‌رده‌مدا كراوته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ پشتگوێخراوه‌، دابڕێنراوه‌ له‌ بڕیادانى سیاسى، كورد چیتر ته‌ماشاكار نابێت".

 له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ دكتۆر كه‌نعان حه‌مه‌ غه‌ریب مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌م بابه‌ته‌ و هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌م بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ ئاڵۆزن، كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ى تێكه‌ڵبوون، ئه‌مه‌ش چۆن په‌یوه‌ندى به‌ رابردووه‌وه‌ هه‌یه‌، بێگومان په‌یوه‌ندى به‌ ئاینده‌شه‌وه‌ هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌ بژارده‌ى پاشه‌كشه‌ش ده‌ڵێت "له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا كورد هه‌ر هه‌نگاوێك بنێت، ئه‌گه‌ر بێتو پشتوانى نێوده‌وڵه‌تى نه‌بێت، بێگومان ئه‌و هه‌نگاوه‌ شكستخواردوو ده‌بێت، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ى پاشه‌كشه‌ ئه‌وه‌نده‌ى میكانیزمێكه‌ بۆ فشار له‌سه‌ر عێراق، ئه‌وه‌نده‌ پاشه‌كشه‌یه‌كى راسته‌قینه‌ نییه‌، چونكه‌ دواى ریفراندۆم كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى عێراق، ئه‌وه‌ش جوڵانه‌وه‌كانى هه‌رێمى ته‌واو سنوردار كردووه، بۆیه‌ له‌م سه‌رونه‌بده‌دا كشانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر دواى ئه‌وه‌ چی!!‌".

ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆى كه‌شه‌پێدان پێشبینى ئه‌وه‌ى كرد "ئه‌و گرێكوێرانه‌ هه‌ندێكیان له‌وانه‌یه‌ دواى هه‌ڵبژاردن بكرێنه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا داڕێژنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌و حكومه‌تى له‌ ئاینده‌دا پێكده‌هێنرێت، به‌لاى كه‌مه‌وه‌ تا دواى هه‌ڵبژاردن پرسه‌ ستراتیژییه‌كان یه‌كلانابنه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure