گۆڕان: داواده‌كه‌ین پڕۆژه‌یاساى چاكسازى خانه‌نشینی بگه‌ڕێته‌وه‌ هۆڵى په‌رله‌مان

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2018‌ :: 355‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان داوا ده‌كه‌ن پڕۆژه‌یاساى چاكسازى خانه‌نشینى بگه‌ڕێته‌وه‌ هۆڵى په‌رله‌مان و بڕگه‌ى تایبه‌ت به‌ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار و پله‌باڵاكان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ى ئازارى 2018، برزو مه‌جید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان به‌ یاوه‌رى په‌رله‌مانتارانى فراكسیۆنه‌كه‌ى له‌ مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزوتنه‌وه‌كه‌یان له‌ سلێمانى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌باره‌ى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى خانه‌نشینى ئه‌نجامدا.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، برزو مه‌جید، وتى "ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنى گۆڕان كه‌ له‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانیشدا تایبه‌ت به‌ یاساى چاكسازى له‌ خانه‌نشینى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى دیكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان- عێراق، دژى بڕگه‌ى (2)ى مادده‌ى (3)ى تایبه‌ت به‌ خانه‌نشینى پله‌ تایبه‌ت و باڵاكان بووین".

وتیشى "به‌پێى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم ژماره‌ (2)ى ساڵى (2017)، ده‌سه‌ڵاتى واژۆكردنى یاساكان لاى سەرۆکایەتی پەرلەمانە، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین پڕۆژه‌ یاساكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆڵى په‌رله‌مان و بڕگه‌ى تایبه‌ت به‌ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتووى عێراق ژماره‌ (9)ى ساڵى (2014) بۆ گشت خانه‌نشینان به‌ركاربكرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێكارى یاسایى و ده‌ستوورى ده‌گرینه‌به‌ر".

برزو مه‌جید، جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "چاوه‌ڕێى وه‌ڵام و هه‌ڵوێستێكى جددى له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، وه‌ڵامى ئه‌وانیش كار و هه‌ڵوێستى داهاتوومان دیارى ده‌كات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure