راگەیه‌نراوى زیندانیانی سیاسى حزبی شیوعی كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2018‌ :: 373‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
ناوەندی زیندانیانی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، راگەیه‌نراوێکى ناڕه‌زایى ئاراستەی حکومەتی هەرێمى كوردستان ده‌كات. 


له‌و راگه‌یه‌نراوه‌دا كه‌ کۆپییەکی بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌، ئه‌و ئۆرگانه‌ى حزبى شیوعى كوردستان، به‌ ناڕه‌زاییه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌  زیندانیانى سیاسى بەردەوام وەک توێژێکی سەربار و زیادە لەناو قوربانیانی گەلەکەماندا مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و دواترین گورزیش پەرلەمانی هەرێمی کوردستان له‌ زیندانیانى  سیاسی وەشاند كه‌ له‌ یاسای خانەنشینی هەرێمی کوردستاندا منحەکەیان بڕین.


دەقی راگەیه‌نراوەکە:

بەیاننامەی تایبەتمەندی ناوەندی زیندانیانی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

ئەرکی دەوڵەتە چاودێری بەردەوامی ژیان و گوزەرانی زیندانیانی سیاسی و خانەوادەکانیان بکات.

لای هەموان ئاشکرایە زیندانیانی سیاسی وراگیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری وقوربانیدانن و بە ئیرادەی پۆلاینیان لەسەردەمی حکومەتە دیکتاتۆریە دوای یەکەکانی عێراق بەشداری راستەوخۆی نوسینەوەی مێژووی پرشکۆی گەلەکەمانیان کردووە وهەردەم دوژمنان وجەلادەکانیان بەخۆراگرییان سەرسام کردووە، بەلام لەدوای روخانی رژێمی دیکتاتۆری بەغدا وبەتایبەت دوای بریاردانی گەل لەسەر دەستوری هەمیشەیی عێراق پێویست بوو ئەم توێژە شۆرشگێرە کەسەرەرای خانەوادەکانیان خودی خۆیان راستەوخۆ قوربانی ستەمی رژێمەکان بوون، بەیاسا بخرێنەوە ئامێزی کۆمەڵگا وقەرەبووی ژیانی لاوێتی لەدەستچووی خۆیان وئازاری خێزانەکانیان بکرێتەوە، بەلام مەخابن لەهەرێمی کوردستان جیاواز لەحکومەتی ناوەند سەرەتا بەچەند بریاری ئیداری شەرمنانە ودواتریش بەناچاری ولەژێر فشاردا بەیاسایەکی کەم وکورتی موخالیف بەدەستور قەرەبوو کراونەتەوە وبەردەوامیش وەک توێژێکی سەربار وزیادە لەناو قوربانیانی گەلەکەماندا مامەلەیان لەگەڵ کراوە ودواترین گورزیش پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دژبە زیندانیانی سیاسی وەشاندی لەدوتوێی بریاردان لەسەر یاسای خانەنشێنی هەرێمی کوردستاندا منحەکەیان برین.

جەماوەری ستەم دیدەی کوردستان، زیندانیانی سیاسی وراگیراوانی سیاسی سەربەرزی هەرێم، ئێمەی زیندانیانی سیاسی سەربە حزبی شیوعی کوردستان وەک بەشێکی گرنگ وزیندوو لەتایبەتمەندی ناوەندی شەهیدان وپێشمەرگە وزیندانیانی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، هەروەها بەشێکی بنچینەیی ودانەبراوین لەئێوەی تێکۆشەر، بەپێویستی دەزانین لەم بەیاننامەدا تیشک بخەینە سەر گرنگترینی ئەو کەموکورتی وپشت گوێ خستن ونادادپەروەریانەی حکومەت وپەرلەمانی هەرێم دەرهەق بەژیان ومێژووی ئێوەی بەرێز ئەنجامیانداوە وهەروەها پێشنیارەکانیشمان دەخەینە روو بەمەبەستی چێرەسەرکردنی بنەرەتی ویەکجارەکی کەم وکورتی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی و راگیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان:

1- دەستوری عێراق کەبە دایکی یاساکان ناسراوە وجێبەجێکردنی بەندەکانی ئەرکی هەموانە، لەبەندی ١٣٢/یەکەم: نوسراوە(دەولەت رادەسپێردرێ بەچاودێری کردنی کەسوکاری شەهیدان وزیندانیانی سیاسی وزیانلێکەوتوانی دەستی هەلسوکەوتە توندوتیژەکانی رژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو)، واتە ئەرکی دەوڵەت ودام ودەزگاکانیەتی لەناوەند ولەهەرێم لەرۆژی کارابوونی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە کەدەکاتە بەرواری ١/١/٢٠٠٦ چاودێری راستەوخۆی ژیان وگوزەران وپێداویستیە مادی وئەدەبییەکانی زیندانیانی سیاسی وخانەوادەکانیان بکردایە بەبێ جیاوازی، کەلەراستیدا نەیانکردوە وبگرە ماف وئیمتیازاتی سێ ساڵ ونیوی زیندانیانی سیاسی قەرزارن، وە لەهەرێمی کوردستان لەبەرواری ١/٧/٢٠٠٩ وبەدواوە یاسای ژمارە ١١ی سالی ٢٠١١ی هەموارکراو لەسەر ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی وراگیراوانی سیاسی جێبەجێ کراوە و زۆر نمونەی پێچەوانەش بەدەستوری هەمیشەیی عێراق لەئاست بەرژەوەندی زیندانیانی سیاسی لەویاسایەدا وبەتایبەت لە رێنماییەکانی هەرێمدا بەدیدەکرێت کەبونەتە ئاستەنگ لەبەردەم تۆمارکردنی زیندانیانی سیاسی بەبیانوی نەبوونی شاهید. دەرکەوت کە منحەی زیندانیانی سیاسی لەسەر بنەمای دەستور بەیاسا کراوە ولەدەسەلاتی حکومەت وپەرلەماندا نیە ئەو منحەیە ببرن ودەستور ویاسا پشتیوانی لەبەردەوام بوونی منحەی زیندانیانی سیاسی دەکات. 

2- قوربانیدانی زیندانیانی سیاسی بە سەروەری نیشتیمانەوە بەندە وچاودێری کردنی ژیانیان وزامن کردنی منحە بۆیان ئەرکێکی نیشتیمانیە وتایبەتە بە بودجەی سیادی عێراق، بەداخەوە هەرێمی کوردستان نەیتوانی ئەو هەلە لەبەرژەوەندی زیندانیانی سیاسی بقۆزیتەوە وبەهۆی نەزانی وچاوپیاهەلنەهاتنی هەندێک بەرپرسەوە لەکاتی خۆیدا زیندانیانی سیاسی هەرێم لەهاوزیندانیانیان لەعێراق جیاکرانەوە وناچاریش کران بەوەرگرتنی منحەیەکی کەمتر وخزمەتگوزاریەکی زۆرلاوازتر لەوەی کەلەناوەند بەیاسا دەستەبەرکراوە بۆزیندانیانی سیاسی، بەو هۆیەوە باشترین چارەسەر هەولدانە بۆ نەهێشتنی جیاوازیەکان ویەکخستنەوەی زیندانیانی سیاسی هەرێم وناوەند لەژێر چەتری یەک یاسای یەکگرتودا کەبەرای ئێمە سەروەری بدرێتە یاسای ژمارە ٤ی سالی ٢٠٠٦ ی ماف وئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی وهەموارکراو لەعێراق کەیاسایەکی خزمەتگوزارترە بۆزیندانیانی سیاسی ولەبودجەی سیادیش ئەژماردەکرێت.

3- مێژوی پرلەسەروەری زیندانیانی سیاسی وخۆراگریان لەبەردەم زنجیر وکارەبا وترسی سێدارەدا شایستەی ئەوە نیە لیستەکانیان تێکەڵ بەخەلکانی دوور لەسیاسەت وهەلوێست وقارەمانی بکرێن وەک ئەوەی لەئێستادا دەیبین بەهۆی لاوازی رێنمایی و وردبینیەکانەوە ریزەکانیان بەسەدان سیخوری ناو زیندان ودۆلار وچەک فرۆش وساختەکار وپیاوکوژی تێکەڵ کراوە وپاکسازی وچاکسازی لەریزەکانی زیندانیانی سیاسیدا بوەتە زەرورەت و ئەرکێکی هەنوکەیی حکومەتی هەرێم، وە بەبێ ئەنجامدانی پاکسازی لەریزەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێمدا ناکرێت متمانە ورێزی ئەو توێژە شۆرشگێرە بۆحکومەت وپەرلەمان وپێشەنگە سیاسیەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێت.

4- ئێمە وەک زیندانیانی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ یاساکانی تایبەت بەچاکسازی وهەموارکردنەوەی مووچە بەرزەکان دەردەبرین بەومەرجەی کەمترین مووچە ٤٠٠ هەزار دینار بێت لەبەرئەوەی ئەوە لەئاستی عێراق بوەتە مافێکی دەستەبەرکراوی فەرمانبەر وخانەنشینان وناکرێت بەحەز وئارەزووی هیچ کەس ولایەنێک کەمبکرێتەوە، هەروەها جەخت لەپەرلەمان ولەحکومەتیش دەکەینەوە کەئەو یاسایانە تێنەپەرێنن بەبێ زۆر زیاتر کەمکردنەوەی مووچە بالاکان بەجۆرێک کە جیاوازی نێوان مووچەکان هێندە کەمبکرێنەوە کەنەچێتە قالبی مشەخۆری وبەتالان بردن وبەهەدەردانی پارەی گشتی.

لەکۆتاییدا داوا لەزیندانیانی سیاسی تێکۆشەر وخانەوادەکانیان دەکەین هاوکار وهاوهەلوێست بین وهەموو پێکەوە بەبێ وەستان وپشودان وبەبی سلەمینەوە بەردەوام بین لەسەر ئەنجامدانی جۆرەها چالاکی مەدەنی ودروستکردنی فشاری پێویست لەسەر حکومەت وپەرلەمان بەمەبەستی راستکردنەوەی هەلە یاسایەکان ودانانەوەی ئەو منحەی زیندانیانی سسیاسی لەناویاساکە کەمافێکی دەستەبەرکراوی دەستوری زیندانیانی سیاسیە ولابردنی تەنها بەهەموارکردنەوەی دەستور نەبێت ناکرێت، هەروەها پێکەوە بەرەو هاوتاکردنی ماف وئیکتیازاتی زیندانیانی سیاسی هەرێم وناوەند لەژێر چەتری یەک یاسای یەکگرتودا.

سەرکەوتوبێت ئیرادەی زیندانیانی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافە واتایی ومادیەکانیان.

تایبەتمەندی ناوەندی

زیندانیانی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان


٣/٣/٢٠١٨



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure