"ئه‌مساڵ هیچ منداڵێكى دۆزراوه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى شادنابێته‌وه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 02/03/2018‌ :: 354‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نۆ منداڵى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ ناوى خۆیان تۆماركردووه‌ و باس له‌ هه‌ڵه‌بجه‌یى بوونى خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ یادى 30 ساڵه‌ى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا هیچ منداڵێكى دۆزراوه‌  به‌ كه‌سووكاره‌كه‌ى شادنابێته‌وه‌.


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند :"له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵانى ڕابردوودا به‌ تایبه‌ت له‌ بۆنه‌ى ساڵیادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ منداڵه‌ دۆزراوه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ كه‌سوكاره‌كانیان شادكراوه‌نه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌مساڵدا هیچ منداڵێكى دۆزراوه‌ به‌ كه‌سوكاره‌كەى شادناكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نۆ منداڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ باس له‌ هه‌ڵه‌بجه‌یى بوونى خۆیان ده‌كه‌ن".

وتیشى :"هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مساڵ هیچ منداڵێك به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى شادنابێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كه‌یسى منداڵه‌ ونبووه‌كان به‌ دادگا سپێردراوه‌. هاوكات بۆ دۆزینه‌وه‌ى هه‌ر منداڵێكى ونبووش ده‌بێت پشكنینى DNA بۆ كه‌سووكارى منداڵه‌ ونبووه‌كان بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزه‌ و پێویستى به‌كاتى زۆر ده‌بێت".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 75 خێزانى هه‌ڵه‌بجه‌ ناویان تۆماركردووه‌ و داواى دۆزینه‌وه‌ى 111 منداڵ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و منداڵانه‌ى دۆزراونه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا نیوه‌یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئێران، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كێشه‌ له‌ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كانیاندا دروستبووه‌.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure