بریكارى وه‌زیرى ته‌ندروستى عیراق: دابینكردنى مووچه‌ منه‌ت و خێر نییه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/03/2018‌ :: 3387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بریكارى وه‌زیرى ته‌ندروستى عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دابینكردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانى ته‌ندروستى كوردستان هه‌قه‌ و منه‌ت و خێر نییه‌.

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ د.حازم ئه‌لجومه‌یلى، بریكارى وه‌زیرى ته‌ندروستى عیراق سه‌ردانى شارى سلێمانى كرد و سه‌نته‌رى گورچیله‌ى ده‌ستكردى به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

د.حازم ئه‌لجومه‌یلى به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند، ئه‌و سه‌نته‌ره‌ له‌ هه‌موو عیراق هه‌یه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سلێمانى زۆر باشن، نه‌خۆشه‌كان هه‌موو ته‌مه‌نێكى تێدایه‌و له‌هه‌موو عیراقه‌وه‌ بۆى دێن.

وتیشی "له‌چه‌ند پارێزگایه‌كه‌وه‌ نه‌خۆش بۆ ئێره‌ دێن، كێشه‌كانى ئێره‌ نه‌بوونى مووچه‌ و ده‌رمان و شوێنه‌، ئێمه‌ش راپۆرتێك پێشكه‌شى وه‌زیرى ته‌ندروستى عیراق ده‌كه‌ین".

بۆ دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ته‌ندروستیش له‌لایه‌ن حكومه‌تى عیراقه‌وه‌ وتى "مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هه‌قه‌، منه‌ت و خێر نییه‌، به‌ڵام پێویستى به‌ هه‌ندێك رێوشوێنى یاساییه‌".

لەلایەکی دیکەوە، د.سه‌باح نه‌سره‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى له‌باره‌ى ئه‌و سه‌ردانه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند، رێژه‌یه‌كى زۆر نه‌خۆش له‌عیراق روو له‌نه‌خۆشخانه‌ى هیوا و سه‌نته‌رى گورچیله‌ى ده‌ستكرد ده‌كه‌ن و وتى "ئێستا له‌م سه‌نته‌ره‌ 30 ئامێرمان هه‌یه‌، پلانێكمان هه‌یه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ فراوانتر بكه‌ین و تواناكه‌ بكه‌ین به‌ دوو ئه‌وه‌نده‌".

باسی لەوەشکرد "له‌ڕووى ده‌رمانه‌وه‌ دوو كێشه‌مان هه‌یه‌ له‌ڕووى جۆرایه‌تی و چه‌ندایه‌تییه‌وه‌، هه‌ندێجار له‌ به‌غداوه‌ ئه‌و جۆره‌ نانێرن كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت، له‌ڕووى چه‌ندایه‌تیشه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر ئاواره‌ لێره‌ن، بۆیه‌ ئامارمان پێداون بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕووى جۆرایه‌تییه‌وه‌ ده‌رمان باش بكه‌ن و له‌ڕووى چه‌ندایه‌تیشه‌وه‌ زیادى بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنیان داوه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە