چەمچەماڵ: ئەو ده‌رمانخانه‌یه‌ى چاره‌سه‌ری سروشتی دەكرد داخرا

هەواڵ / کوردستان :: 28/02/2018‌ :: 748‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ی شوبات لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانی قایمقامیه‌تی چه‌مچه‌ماڵ، ئه‌و شوێنه‌ی داخست چاره‌سه‌ری به‌شێوه‌ی نه‌شیاو ئه‌نجامده‌دا.


دوای ئه‌وه‌ی ‌ڤیدیۆیه‌ک له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاوکرایه‌وه‌ و تیایدا که‌سێک به‌ناوی (شێخ حسین) به‌ بیانووی چاره‌سه‌ری سروشتی بۆ سه‌رئێشه‌ و (شه‌قیقه‌) خوێن له نێو چاوان و برۆکانی که‌سێک ده‌رده‌کات و ریکلامیشی بۆ ده‌کات، ئه‌مڕۆ ئه‌و شوێنه ‌داخرا.

له‌ڕاگه‌یاندراوێکی قایمقامیه‌تی چه‌مچه‌ماڵدا که‌ وێنه‌یه‌کی بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌ هاتووه‌ "له‌سه‌ر داوای وه‌زیری ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێم و به‌فه‌رمانی قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانی قایمقامیه‌تی چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ناوی چاره‌سه‌ری سروشتییه‌وه‌ خوێنی له‌ڕوخساری هاوڵاتیان ده‌رده‌هێنا، ئه‌مڕۆ 28/2/2018 داخرا".

دوێنێ په‌یامنێری دواڕۆژ له‌باره‌ی ئه‌و ناوه‌ندانه‌وه‌ پرسیاری له‌ وه‌زیری ته‌ندروستی کرد و له‌ وه‌ڵامدا رێکه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێم وتی "هه‌موو ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی مۆڵه‌تیان نییه،‌ داده‌خرێن و سه‌باره‌ت به‌و ناوه‌نده‌ی چه‌مچه‌ماڵیش راسته‌وخۆ فه‌رمانم به‌ ته‌ندروستی کرد که‌ دایبخه‌ن، چونکه‌ نه‌ زانستییه‌ نه‌ ته‌ندروستییه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure