پارتی روونکردنەوە له‌سه‌ر 350 هەزار فه‌رمانبه‌ری وه‌همی ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 27/02/2018‌ :: 639‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌، پارتی 350 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری وه‌همی له‌ حكومه‌تدا هه‌بێت و مووچه‌كانیان وه‌ربگرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27ی شوباتی 2018، مەحمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان 350 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری وه‌همی هه‌بێت كه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا خاوەنی مووچە بن.

له‌به‌شێكی تری روونكردنه‌وه‌كه‌، وته‌بێژی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هەوڵدەدەن بەمجۆرە تۆمەتانە زیاتر گرفت بخەنە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر و رەوشەکەش ناسەقامگیر تر بکەن.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:
سەبارەت بەو زانیارییە نادروستانەی کە لەچەند ماڵپەڕ و ناوەندێکی میدیایی لەسەر زاری پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بەناوی رەسووڵ رازی بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە پارتی ٣٥٠ هەزار فەرمانبەری وەهمی لە حکوومەتدا هەیە و مووچەکانیان وەردەگرێت، سەرلەبەریان زانیاریی نادروست و وەهمین و بۆ خەڵکی عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی رادەگەینین کە ئەم زانیارییە نادروستانە هەوڵێکی پڕ لە چەواشەکارین، زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە خۆی وەهمییە و تەنیا بۆ خۆدەرخستن تۆمەتی داوەتە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.

ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە نادروستانە لەلایەن رەسوڵ رازی و هاوشێوەکانی بۆ سەرنج لادانی خەڵکە لەو گەندەڵییە زۆر و زەوەندانەی لە کەرتەکانی سوپا و کارەبا و پڕۆژە وەهمییەکانی دیکەی خزمەتگوزاری لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەردەپۆش دەکرێن کە مەزندەدەکرێت سەدان ملیار دۆلاری لێ بەهەدەر درابێت و پارەکەیش چووەتە سەر حیسابی بەرپرسان و گیرفانی ئەو جۆرە بوختانچیانە و هاوشێوەکانیان، هەروەها هەوڵدەدەن بەم جۆرە تۆمەتانە زیاتر گرفت بخەنە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر و رەوشەکەش ناسەقامگیرتر بکەن، بۆئەوەی خۆیان لە ئاوی لێلدا ماسی زیاتر بگرن.

لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا سیستەمی بایۆمەتری بۆ تۆماری فەرمانبەران ئەنجام درا، هەرێمی کوردستان کار بەگوێرەی یاسا دەکات و فەرمانبەران موڵکی راستەقینەی حکوومەتن نەوەک هی حزبەکان بن.

مەحمود محەمەد
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

۲۷ی ۲ی ۲٠۱۸



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure