یەکەی زرێپۆشی هێزە عێراقییەکان لەخورماتوو دەکشێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/02/2018‌ :: 485‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی شوبات یەکەی تانک و زرێپۆشی هێزە عێراقییەکان لەسنوری قەزای خورماتوو کشایەوە، بەرپرسێکی حەشدیش دەڵێت "ئەوەی کراوە تەنیا ئاڵوگۆڕی هێزە و هێزی نوێش لە بەغداوە رەوانە نەکراوە".


حاجی زوهدی، بەرپرسی چەکدارانی کوردی خورماتوو کە ئێستا نیشتەجێی ناحیەی نەوجولە بەدواڕۆژی وت "لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەو هێزەی حەشدی شەعبی لە گوندی خدر وەلی خۆرهەڵاتی خورماتوو جێگیربوون، بەڵام لەئێستادا بەشێوەیەکی خێرا کشانەوە و ناوچەکەیان چۆڵکرد".

وتیشی "ئەو هێزەی کشاوەتەوە بریتیبووە لەگەورەترین یەکەی تانک و زرێپۆشی حەشدی شەعبی کە لەچوارڕیانی قادرکەرەم - نەوجول بوون".

بەپێی زانیارییەکانیش کشانەوەی ئەو هێزە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەیەیە کە لەباشوری کەرکوک دروستبووە و بەهۆیەوە جموجۆڵەکانی داعش زۆربوون.

عەلی حسێنی، فەرماندە لەحەشدی شەعبی بەبیانوی ئەوەی ئەو ناوچەیە لەدەرەوەی سنوری بەرپرسیارێتییکەیەتی ئامادەنەبوو قاسەی لەسەر بکات.

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی رەتیشیکردەوە، هیچ هێزێکی زیاتر لەبەغداوە رەوانەی کەرکوک کرابێت و وتی "ئەوەی دەبینرێت تەنها ئاڵوگۆڕی هێزە و هیچ هێزێکی نوێ رەوانەی شارەکە نەکراوە".

عەلی حسێنی وتیشی "سەرجەم ئەو ئۆپراسیۆنانەی لەرابردوودا ئەنجامدراون لەباشور و رۆژئاوای کەرکوک بەهۆی ئاشکرابوونی پێشوەختی وادەکەی هیچ سودێکی نەبووە چونکە داعش کشاوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە سنوورەکە، بانگەوازێکی پەرلەمان داوای لەعەبادی کردووە بۆ ئەوەی رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هەواڵگری دژی چەکدارانی داعش و چاوەڕوانی وەڵامین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure