"پشكنینی كاڵا و كەرەستەی بازرگانی و سوتەمەنی لەباشماخ بەكەرتی تایبەت دەسپێردرێت"

هەواڵ / ئابوری :: 28/02/2018‌ :: 421‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، رێبین حەسەن
سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاشكراى ده‌كات پشكنینی كاڵا و شمه‌ك و كەرەستەی بازرگانی و سوتەمەنی لەباشماخ بەكەرتی تایبەت سپێردراوە.

ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەلێدوانێكی بۆ دواڕۆژ وتی "بەئامادەبوونی هەریەكە لەلێپرسراوی بازرگانی كۆمپانیای نۆكان و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی و بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ و لێپرسراوی كۆمپانیای رەزگە و سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نوێنەری چەند فەرمانگەیەكی پەیوەندیداری باشماخ، كۆبونەوەیەك ئەنجامدرا بۆ تاوتوێكردنى چه‌ند پرسێكى په‌یوه‌ست به‌ بازرگانى له‌ مه‌رزى باشماخ".

راشیگه‌یاند "لەكۆبونەوەكه‌دا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككەوتین، له‌وانه‌ سەرجەم كاڵا و بارە بازرگانییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ دەنێردرێتەوە بۆ كۆمپانیای رەزگە بەمەبەستی پشكنین و ڕێگەپێدان لە به‌روارى (١٧-٣-٢٠١٨)ەوە، هه‌روه‌ها پارەی پشكنین كه‌ ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ وەریدەگرێت، پێویستە كۆمپانیای ڕەزگە وەریبگرێت و بخرێتە سەر حسابی بانكی باشماخ، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوەوە".

ناوبراو، روونیشیكردەوە، خاڵێكى دیكه‌ى ریككه‌وتنه‌كه‌، ئاماده‌كردنى لیستێك بەهەمئاهەنگی و بەپێی ڕێنماییەكان بۆ سەرجەم شتومەك و كاڵا بازرگانییەكان، كە چ جۆرێكیان پێویستی بە بڕوانامە هەیە تا كاری لەسەر بكرێت".

 سەبارەت بە ئۆتۆمۆبێلی شەحن لەگەڵ كۆمپانیای (BV) كۆبوونەوە بكرێت بەمەبەستی دیاریكردنی ئەو خەسڵەتانەی كە پێویستە بۆ هاتنى ئۆتۆمۆبێل بۆ هەرێم.

 له‌ خاڵێكى دیكه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌، لەئایندەیەكی نزیكدا كاركردنی كۆمپانیای ڕەزگە دەبەسرێتەوە، بەسیستمی ئەلكترۆنی بەڕیوەبەرایەتی گومرگی باشماخەوە.

ئەزوەر مەحمود، ئاماژەی بەوەشكرد خاڵێكى دیكه‌ى رێكه‌وتنه‌كه‌ بریتیە لەوەی كە كرێی پشكنینی سوتەمەنی پێویستە تەنها كۆمپانیای ڕەزگە وەریبگیرێت و بڕەكەی (٥٠ هەزار دینار) دەبێت، حەوتەم / لەئێستدا وەرگرتنی نرخی پشكنینی هەمان نرخی پێشوو دەبێت تاوەكو كۆبوونەوە لەنێوان تاقیگەكانی مەرزەكانی (باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران)دا دەكرێت و نرخەكان دیاریدەكرێت و كۆتاخاڵیش بریتیە لەوەی كە هێنانی بڕوانەمەی (COC) لەلایەن بازرگانەكانەوە دوا بەروار (١٧-٣-٢٠١٨) دەبێت.

ژ.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure