به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر لەبارەی درێژكردنه‌وه‌ی سزای فڕۆکەخانەکان هاتەدەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 27/02/2018‌ :: 152‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رایدەگه‌یه‌نێت "له‌كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شاندی به‌غدا هیچ بابه‌تێكی هه‌ڵپه‌سێردراو نه‌مابوو بۆ ئه‌وه‌ی دیراسه‌ی بكه‌ین و بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین، بۆیه‌ پێشبینیمان شتێكی تر بوو نه‌ك درێژكردنه‌وه‌ی راگرتنی گه‌شته‌ نێوده‌وه‌ڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠١٨, ته‌لار فایه‌ق به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر لەكۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "دوێنی به‌غدا بڕیاریدا به‌درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی راگرتنی گه‌شتی فڕۆكه‌خانەكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی 3 مانگی تر".

وتیشی "ئێمه‌ پێشبینیمان شتێكی تر بوو، چونكه‌ له كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌كو به‌شی فڕۆكه‌وانی هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌بوو، هیچ بابه‌تێكی هه‌ڵپه‌سێردراو نه‌مابوو بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ و دیراسیه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌ین و بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین، ئه‌وه‌بوو له‌دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌كه‌ واژۆی هه‌موو ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كرا".

وتیشی "بڕیار بوو لەدوای كۆبوونه‌وه‌ به‌غدا چه‌ند شاندێكی ته‌كنیكی بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر كاری زیاتری بابه‌ته‌ بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌غدا جگه‌ له‌ شاندی ئه‌منی هیچ شاندێكی تری نه‌هاتووه".

ته‌لار فایه‌ق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سه‌باره‌ت به‌ گه‌شتی عه‌مره‌كارانی هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا بابه‌ته‌كه‌ روون نییه‌ و هه‌ندێ له‌ نوسراوه‌كانی به‌غدا ته‌زویری تێدا بوو له‌باره‌ی گشه‌تی عه‌مره‌، هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ گه‌شته‌كان راسته‌وخۆ ده‌بێت یان نا یاخود چ هێڵێك ئه‌و عه‌مره‌كارانه‌ ده‌گوازێته‌وه.

وتیشی "به‌ڕاگرتنی گه‌شتی‌ نێوده‌وڵه‌تیی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، زیانێكی زۆر به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌، به‌جۆرێك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ له‌ كاركردن و مانگانه‌ 3.5 ملیۆن دۆلار خه‌رجی فڕۆكه‌خانه‌یه‌ و به‌غدا باجی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌رده‌گرێت بێئه‌وه‌ی هیچ بودجه‌یه‌كی بۆ ته‌رخانبكات، بۆیه‌ به‌غدا 37 ملیۆن دۆلاری خه‌رجی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر قه‌رزاره‌ و پێویسته‌ خه‌رجی بكات".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure