نوێترین وتەی وه‌زیری ته‌ندروستی لەبارەی وردبینی مووچە

هەواڵ / کوردستانی :: 27/02/2018‌ :: 388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند "دوو لیژنه‌ی وردبینی له‌ به‌غداوه‌ هاتوونه‌ته‌ کوردستان و لیژنەیەكیان ئه‌رکی خۆی ته‌واو کردووه‌ و وردبینی دووه‌میش پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ن ده‌بێت" ئاماژە بەوەشدەكات "ناوه‌نده‌ بێ مۆڵه‌ته‌کانی چاره‌سه‌ری سروشتی داده‌خرێن".

ئه‌م وتانه‌ی رێکه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید له‌پرێس کۆنفرانسێکدا بوو که‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27ی شوبات له‌دوای به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ده‌زگا ته‌ندروستییه‌کان و کردنه‌وه‌ی کلینیکی راوێژکاری له‌نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید هۆشه‌نگی منداڵبوون له‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ خستیه‌ڕوو.

له‌کۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا رێکه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید له‌باره‌ی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و کارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌لایه‌ن‌ حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ وتی "لیژنه‌کانی به‌غداد دوو جۆر وردبینی ده‌که‌ن‌، وردبینی ئه‌لیکترۆنی که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمی بایۆمه‌تری هه‌رێم کاریان له‌سه‌ر کردووه‌ و به‌ وته‌ی نوێنه‌رمان له‌ لیژنه‌که‌دا ئه‌ویان ته‌واوکردووه‌، وردبینی دووه‌میش وردبینی ده‌ستییه‌، که‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی که‌سی ده‌کرێت و ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه و وا به‌زوویی ته‌واو نابێت‌".

 وتیشی "راپۆرتی لیژنه‌کانی وردبینی به‌رزکراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی عێراق، چاوه‌ڕوانی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی ناوه‌ندن بۆ بڕیاردان له‌سه‌ری و ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران".

له‌مانگی ئه‌یلولی 2013 به‌ردی بناغه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی 50 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ چه‌مچه‌ماڵ دانرا، به‌ڵام تائێستا جێبه‌جێنه‌کراوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌زیری ته‌ندروستی وتی "دانانی به‌ردی بناغه‌ی نه‌خۆشخانه‌کان ته‌نها له‌چه‌مچه‌ماڵ نه‌بووه‌، له‌ کابینه‌ی حه‌وته‌م به‌ به‌های 1 ملیار و200 ملیۆن دۆلار پرۆژه‌مان له‌ زاخۆ تا خانه‌قین هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ تەواو كردنیان وه‌ستاوە".

له‌وه‌ڵامی پرسیاری دواڕۆژدا سه‌باره‌ت به‌ناوه‌نده‌کانی چاره‌سه‌ری سروشتی که‌ ئێستا له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ کراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌ی نازانستی چاره‌سه‌ری هاوڵاتیانیان تێدا ده‌کرێت وه‌زیری ته‌ندروستی وتی "هه‌ر کلینیکێک یان شوێنێک ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌ت یان سه‌ندیکاکانی ته‌ندروستی مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت، له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌کانمانه‌وه‌ هه‌میشه‌ چاودێری ئه‌و شوێنانه‌ ده‌که‌ین که‌ مۆڵه‌تیان نییە‌ داخراون و داشده‌خرێت".

ئه‌وه‌شی وت "ئه‌مشه‌و ڤیدیۆیه‌کم بینی که‌ که‌سێک به‌شێوه‌یه‌کی نازانستی به‌ناوی چاره‌سه‌ری سروشتییه‌وه‌ تاوانی ته‌ندروستی ئه‌نجامده‌دات راسته‌وخۆ ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵم راسپارد که‌ ئه‌و شوێنه‌ دابخه‌ن".

راشیگه‌یاند "وه‌کو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ته‌ندروستی سلێمانی و چه‌مچه‌ماڵ سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه‌ تۆمار ده‌که‌ین که‌کاری نایاسایی و نا زانستی ته‌ندروستی ده‌که‌ن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە