سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتى كه‌ركوك حکومەتی هەرێم پێشنیارێک بۆ بەغدا دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 26/02/2018‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی حکومەتى هه‌رێم رایدەگەیەنێت "تا ئێستا نەهەرێم و نە عێراق سود لە نەوتی کەرکوک نابینن، بۆیە پێشنیاردەکەین ئەو نەوتە لەرێگه‌ی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوەی بکرێت و کۆمپانیایی سۆمۆ مامەڵەی پێوە بکات و سەرپەرشتی بکات.


سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەر لەوەی سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، هەرێم نەوتی كه‌ركوكى لەڕێگه‌ی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهان هەناردە دەکرد، بەڵام لەوکاتەوە هەرێم دەستەڵاتی نەماوە نەوتەکە هەناردە ناکرێت و ئێستاش هیچ لایەک سود لە نەوتەکە نابینن".

دزەیی وتیشى "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە رۆژانە نزیکەی ٤٠ تا ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئێران بکرێت و  ئه‌وه‌ى دیكه‌، کە نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە راستەخۆ ده‌خرێته‌وه‌ ژێر خاك، بەبێ ئەوەی هیج لایەک سودی لیوەربگرێت، بۆیە پێمان باشە لەرێگه‌ی بۆری هەرێم هەناردە بکرێت".

رونیشکردەوە، پێشنیار دەکەین نه‌وتی کەرکو‌ك له‌ بۆرى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانەوە رەوانەی به‌غدا و بەندەری جەیهان بکرێت و راستەوخۆ کۆمپانیای سۆمۆ سه‌رپه‌رشتی فرۆشتن و مامەڵە پیکردنیەوە بکات و داهاته‌کەشى راستەوخۆ بگەرێتەوە بەغدا و ئەوەش بۆ حکومەتی عێراق داهاتێکی گرنگە و ئەوکات بۆ کوردستانیش قازانجی دەبێت".

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و گەرانەوەی حکومەتی عێراق بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک وشنگال و مەخمور و ناوچەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ حکومەتی هەرێم نزیکەی ٤٠ بیرو پاڵاوگەی نەوت کە پێشتر لەژیر دەستی بوو گەڕانەوە بۆ ژێردەستی حکومەتی عێراق و لەژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەمان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure