هەرێم سیستمی تۆماری کۆمپانیاکان بە ئەلیکترۆنی دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 27/02/2018‌ :: 344‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان، رایدەگەیەنێت "بەهۆی زۆربوونی ژمارەی کۆمپانیاکان لەهەرێم و داواکردنیان بۆ هاتنە هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی سیستمێكی ئه‌لیكترۆنیی نوێ بۆ خۆتۆماركردنی كۆمپانیاكان دانراوه".


دڵزار ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لەهەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "له‌هه‌رێمی كوردستان 23 هه‌زار كۆمپانیای ناوخۆیی و دوو هه‌زار كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون لەمەودواش ئەوانەی کە دێنە هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمێک دەبێت بۆ تۆماركردن کە كۆمپانیاكان لەڕێی ئەو ‌سیستمەوە کە نێوده‌وڵه‌تییە، کارەکانیان جێبەجێدەکەن".

وتیشی "سیستمێکی ئەلیکترۆنی ئامادەکراوە بۆ ئەو کۆمپانیایەی دێتە هەرێمی کوردستان و ده‌یه‌وێ وه‌به‌رهێنان بكات، بۆیە له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی سیستمێكی ئه‌لیكترۆنیی نوێ بۆ خۆتۆماركردنی كۆمپانیاكان دانراوه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، هه‌موو كۆمپانیایه‌ك ده‌توانێ به‌و ڕێگایه‌ خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار بكات، هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو".

هێمای بۆ ئەوەشکرد، لەمەودوا لەڕێی سیستمەکەوە کۆمپانیاکان ئاگاداری مەرج و رێنمایی هەرێم دەبن بۆ وەبەرهێنان و پێویست ناکات خۆیان یان نوێنەریان بنێرن كە ئەوەش ئاسانکارییە بۆیان".

روونیشکردەوە، دوای هاتنی داعش لەساڵی ٢٠١٤ ژمارەیەک کۆمپانیا هەرێمی کوردستانیان جێهێشت، بەڵام ئێستا خەریکن دەگەڕێنەوە، چونکە مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌ماون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure