به‌ بڕی 41 ملیار دینار پاککردنه‌وه‌ی زۆنی 3ی سلێمانی ئه‌نجامده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 26/02/2018‌ :: 297‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
به‌پێی گرێبه‌ستێک له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمپانیای شکار به‌ به‌های زیاتر له‌ 41 ملیار دینار، کۆمپانیای کۆکردنه‌وه‌و گواستنه‌وه‌و داپۆشین و چاره‌سه‌رکردنی خۆڵ و خاشاکی زۆنی (3)ی سلێمانی ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد.


له‌و باره‌یه‌وه‌ دانا ره‌زا لێپرسراوی راگه‌یاندنی شاره‌وانی چه‌مچه‌ماڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "دوێنێ به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانییه‌کانی سلێمانی و قایمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و سه‌رۆکی شاره‌وانییه‌کانی سنوره‌که‌، کۆمپانیای (شکار) ده‌ستی به‌کاری کۆکردنه‌وه‌و گواستنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاکی زۆنی (3) کرد".

راشیگه‌یاند "ئه‌م کاری پاکردنه‌وه‌یه‌ سنوری (21) شاره‌وانی سنوری قه‌زاکانی (‌چه‌مچه‌ماڵ و دوکان) له‌لایه‌ن که‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ پێشتر کارمه‌ندانی شاره‌وانی به‌و ئه‌رکه‌ هه‌ڵده‌ستان و به‌هۆی که‌می مووچه‌ و قه‌یرانی داراییه‌وه‌ کاره‌کان که‌مێک سستی پێوه‌ دیاربوو".

دانا ره‌زا ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد "وابڕیاربوو مانگی 10ی ساڵی رابردوو کۆمپانیاکه‌ ده‌ستبه‌کاربێت، به‌ڵام به‌هۆی که‌موکوڕی له‌جێبه‌جێکردنی بڕگه‌کانی گرێبه‌سته‌که‌ کارکردنی دواکه‌وت، له‌ئێستاشدا به‌ بڕیاری قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی مانگێک به‌بێ به‌رامبه‌ر و له‌ژێر چاودێری شاره‌وانیدا کاره‌کانی ده‌کات".

به‌پێی گرێبه‌ستێک له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمپانیای شکار به‌ به‌های زیاتر له‌ 41 ملیار دینار، کۆمپانیاکه‌ پڕۆژه‌ی کۆکردنه‌وه‌و گواستنه‌وه‌و داپۆشین و چاره‌سه‌رکردنی خۆڵ و خاشاکی (ریسایکلین)ی زۆنی (3)ی سلێمانی له‌قه‌زاکانی چه‌مچه‌ماڵ و دوکان، جێبه‌جێ ده‌کات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure