ئاگر له‌كه‌مپێكى په‌نابه‌ران كه‌وته‌وه‌ و منداڵێك گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 25/02/2018‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
له‌ ئه‌نجامى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگر له‌ كه‌مپى ئاواره‌كانى سنورى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت، منداڵێكى ته‌مه‌ن حه‌وت مانگ گیانی لەدەستدا، پۆلیسى ناحیه‌ى عه‌ربه‌تیش لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌.


ئیقبال محه‌مه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى قه‌زا و ناحییه‌كانى سنورى پارێزگاى سلێمانى به‌دواڕۆژى راگه‌یاند، ئه‌مشه‌و 25/2/2017 له‌لایه‌ن بنكه‌ى پۆلیسى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ته‌وه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ به‌هۆى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگر له‌ یه‌كێك له‌ خێمه‌كانى كه‌مپى ئاواره‌كان له‌ سنورى ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت، منداڵێكى ته‌مه‌ن حه‌وت مانگ له‌ڕه‌گه‌زى نێر گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، منداڵه‌كه‌ ناوى ( ت. أ. د.)ەو دواى رووداوه‌كه‌ش مه‌فره‌زه‌كانى پۆلیس گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنى ڕووداوه‌كه‌ و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئاگره‌كه‌ له‌ ئه‌نجامى شۆرتى كاره‌باوه‌ دروستبووه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ى پۆلیسى قه‌زا و ناحیه‌كانى سنورى پارێزگاى سلێمانى ئه‌وه‌شى وت "به‌مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له‌ رووداوه‌كه‌، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌مان كردوه‌ته‌وه‌، هاوكات ته‌رمى منداڵه‌كه‌شمان ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى سلێمانى كردووه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure