كار بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانلێكه‌وتوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 26/02/2018‌ :: 146‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ مه‌به‌ستى ناچاركردنى حكومه‌تى عێراقى به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و جێبه‌جێكردنى بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق، ئێواره‌ی رۆژی یەکشەممە 25ی شوبات له‌ هۆڵی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌، گفتوگۆیه‌كی یاسایی به‌ناونیشانی (كه‌یسی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و رێكاره‌ یاساییه‌كانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان له‌ ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی) به‌ڕێوه‌چوو.


بۆیان گاڤریلۆڤیچ، پارێزه‌ری نێوده‌وڵه‌تی و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ به‌شدارى سیمیناره‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى كرد به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "هه‌ندێک‌ بنه‌مای یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌ن كه‌ ده‌وڵه‌تان ناچار ده‌كه‌ن به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانلێكه‌وتوانه‌ی كه‌ تاوانی جینۆسایدیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام عێراق  نایه‌وێت دان به‌و ڕێكکه‌وتننامانه‌دا بنێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوانى كورد نه‌كاته‌وه‌، ده‌رگای به‌ڕووی ئه‌و یاسایانه‌دا داخستووه‌"

وتیشی "گه‌لی كورد ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك تاوانی وه‌ك ئه‌نفال و كیمیاباران بووه‌ته‌وه‌ و تائێستا وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و تاوانه‌كانیش وه‌ك جینۆساید نه‌ناسێنراون".

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ كر حه‌مه‌ سدیق، پارێزه‌ر له‌ كه‌یسى تاوانى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "عێراق سه‌رجه‌م ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌ریكردون بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ئه‌و تاوانانه‌، چه‌ندین جار هاووڵاتیانی شیعه‌ سودیان لێبینیوه‌ و قه‌ره‌بووشكراونه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌و مووچه‌یه‌ی كه‌ مانگانه‌ش وه‌ریده‌گرن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ تاكێكی كورد قه‌ره‌بوونه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و یاسایانه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و تاوانانه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌رحه‌ق به‌گه‌لانی عێراق و كوردیش كراون".

ئەو پارێزەرە ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، خودی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسانی كورد له‌ به‌غدا كه‌مته‌رخه‌من له‌ئاست داواكارییه‌كان بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان، كاتێك كه‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی حكومه‌تی عێراق ئاماده‌ده‌كرێت، له‌ پاكێجی داواكارییه‌كانی كورد هیچ بڕگه‌یه‌ك ته‌رخانناكرێت بۆ ئه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی كورد قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

 

دەشڵێت "پێویستە حكومه‌تى هه‌رێم چیتر له‌م پرسه‌دا كه‌مته‌رخه‌مى نه‌كات و له‌ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كار بكات بۆ فشار خستنه‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌، چونكه‌ حكومه‌تى ئێستاى عێراق میراتگرى حكومه‌تى رژێمی بەعسە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure