شاندێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم سه‌ردانی نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 25/02/2018‌ :: 323‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
بڕیار وایه‌ كه‌سی یه‌كه‌می ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانی شاری نه‌جه‌ف بكه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌كان كۆده‌بنه‌وه.‌

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌و شانده‌ی ده‌چێته‌ نه‌جه‌ف به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "رۆژی چوارشه‌ممه‌ 28ی شوباتی 2018، له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌می لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، شاندێك سه‌ردانی پارێزگای نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرس له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانی ئه‌و شاره‌ كۆده‌بنه‌وه"‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌ ‌وتیشی "هه‌ریه‌كه‌ له‌پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ شانده‌كه‌ به‌شدار ده‌بن، به‌ڵام به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی به‌شدار ده‌بن و به‌شێكی تری لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌مله‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی هه‌رێم سه‌ردانی نه‌جه‌ف ده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، شانده‌كه‌ی هه‌رێم پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردووه‌ ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی نه‌جه‌فی ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداو كۆتایی هێنان به‌و بارگرژییانه‌ی له‌نێوان حكومه‌تی عێراقی و هه‌رێم هەن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشیكرد، چوونی ئه‌و شانده‌ی هه‌رێم بۆ نه‌جه‌ف له‌سه‌ر داوای ئینستتیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه‌ رێكخراوه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure