كەسوکاری خوێندكاران داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى دادگاى سلێمانی ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 25/02/2018‌ :: 891‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محمەد
لەگەڵ بەردەوامی بایکۆتی مامۆستایان، کەسوکاری خوێندكاران لە سلێمانی داوا لە دادگا دەکەن ھەوڵەکانیان بخەنەگەڕ تا حکومەت داواکانی مامۆستایان جێبەجێ بکات، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیشیدا داوای یاسایی لەسەر حکومەت تۆماربکرێت.

زانکۆ سەردار، وەک کەسوکاری قوتابیان لە بەردەم دادگای سلێمانی بە دواڕۆژی وت "ئێمه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ كه‌سوكاری خوێندكاران و قوتابیانی سنوری پارێزگای سلێمانی، وه‌ك هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی چاره‌نوسی نه‌وه‌كانمان و به‌هۆی په‌كخستی پرۆسه‌ی خوێندن له‌سنوری ئه‌م پارێزگایه‌دا، (ئه‌وه‌ش له‌ئاكامی دابیننه‌كردنی مافه‌ داراییه‌كانی مامۆستایاندا هاتۆته‌ ئاراوه‌)، چاره‌نوسی نه‌وه‌كانمان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه‌".

زانكۆ وتيشى "به‌شێكی ئه‌و چاره‌نوسه‌ش به‌وه‌ ده‌بینین به‌رپرسانی هه‌رێم به‌هۆی ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان له‌خوێندنگه‌ تایبه‌تییه‌كان ده‌خوێنن، ته‌واو ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌یان پشتگوێخستووه‌".

ئه‌وه‌شى وت "داواكارییه‌كانمان وەک کەسوکاری قوتابیان بریتیە لە كردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی قوتابخانه‌ و خوێندنگاكان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ده‌رگای هۆڵه‌كانی خوێندن داخراوه‌". وتیشی "داواكارین دادگا رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر سه‌رۆك‌ و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بگرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكرێت له‌ دووباره‌ په‌كخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن، پێویستیشه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و خودی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پلانی پێویست دابڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی مافی مامۆستایان دابین بكه‌ن".

لەبارەی تۆمارکردنی داوای یاسایی ڕایگەیاند "بۆیه‌ له‌ئێستادا هه‌ریه‌كه‌ له‌به‌رێزان (نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی و پشتیوان سادق) له‌ڕێگه‌ی دادگاوه‌ ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر تاوه‌كو 5/3/2018 داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وه‌ دوای ئه‌و به‌رواره‌ به‌فه‌رمی سكاڵایی یاسایی تۆمارده‌كه‌ین".

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وه‌رزى دووه‌مى خوێندن، له‌ زۆرینه‌ى قوتابخانه‌كانى سنورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى تر مامۆستایان بایكۆتى خوێندنیان وه‌ك ناڕه‌زایه‌تیه‌ك به‌رامبه‌ر نه‌دان و دواكه‌وتنى مووچه‌ ده‌ستپێكردووه‌.

به‌هۆى به‌رده‌وامى داخستى قوتابخانه‌كانیش ئه‌گه‌رى ئه‌ژماركردنى ئه‌مساڵى خوێندن له‌ ئارادایه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure