به‌شدارینه‌كردنی ده‌نگده‌ر له‌ ده‌نگدان له‌ قازانجی كێیه‌؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 24/02/2018‌ :: 299‌ جار بینراوە

چاوی تۆ
ئومێد مسته‌فا
گومانی تێدانییه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێ تا ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ئارادبووه‌ هه‌وڵی گۆڕانكاریی بدرێت جا له‌ بواری سیاسی بێت یان ئابوری یان كۆمه‌ڵایه‌تی هتد..... 


گرنگ نابێ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێ كه‌چی بارودۆخه‌ باوه‌كه‌ هه‌روه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌ و درێژه‌ی هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ خراپه‌ هه‌وڵی چاككردنی بدرێ و ئه‌گه‌ر چاك و باشیشه‌ باشتر و چاكتر بكرێ و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببرێت، ئه‌وه‌ش دیاره‌ له‌ خۆوه‌ ناكرێ و ئاوا به‌ ئاسانی مه‌یسه‌ر نابێت، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی هاتنه‌پێشی كه‌سانی تره‌ له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ به‌ عه‌قڵییه‌ت و نه‌هج و میتۆدێكی تازه‌ و به‌ شێواز و ئالییه‌تی تره‌وه‌ به‌رخورد له‌گه‌ڵ دۆخی پێشوو بكه‌ن، به ‌مه‌به‌ستی ده‌ربازكردنی ره‌وشه‌كه‌ و هێنانه‌ئارای كه‌ش و هه‌وایه‌كی تر كه‌ جیا بێت له‌ هی پێش خۆی، هه‌رهه‌موو ئه‌م گۆڕنكارییانه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان و پته‌وكردنی ژێرخانی وڵات و گه‌شه‌پێدانییه‌تی له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانییه‌وه‌، تا به‌هۆیه‌وه‌ بتوانێت مواكبه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و گۆڕانكارییه‌كانی دونیا بكات و له‌ كاروانی پێشكه‌وتن و به‌ شارستانیبوونی وڵاتان دوانه‌كه‌وێت .

كه‌واته‌ بۆ ده‌نگده‌ران كاتی ده‌نگدان گونجاوترین ده‌رفه‌ته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر تووڕه‌یی و گله‌یی و گازانده‌كی له‌ ده‌سه‌ڵاتی پێشوو هه‌بووبێت، ئه‌وا زۆر به‌ ئازادانه‌ ده‌توانێت ئیراده‌ی خۆی به‌گه‌ڕبخات و بچێته‌ سه‌رسندوقه‌كانی ده‌نگدان،تا له‌وێوه‌ به‌و ده‌نگه‌ی ده‌یدات و به‌و كارته‌ی ده‌یخاته‌ ناو سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌، بڕیاری گۆڕانكاریی یه‌كجاری و هێنانه‌پێشه‌وه‌ی ده‌موچاوی تر، به‌ عه‌قڵییه‌ت و تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌ی جیاوه‌، بدات بۆ خۆشكردنی ژیانی ئێستا و داهاتووی ئه‌م گه‌له‌، به‌ جۆرێك ببێته‌ هۆی قوتار بوون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوو و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روونتر و پڕ له‌ ئۆمێد و هاتنه‌دیی خه‌ونه‌كان.

ئاشكریه‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ 3 مانگی تر، كه‌ ده‌كاته‌ به‌رواری 12/5/2018، بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ خه‌ڵكی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشوازییه‌كی گه‌رمی ئه‌و رۆژه‌ نین و هیچ گه‌رموگوڕییه‌كیان لێ به‌دی ناكرێت له‌ چوونیان بۆ بنكه‌كانی تۆماری ده‌نگده‌ران تا ناویان له‌ سیستمی بایۆمه‌تری تۆمار بكه‌ن،  تا دواجار كارتی ده‌نگدانیان پێ بدرێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌نگده‌رێك له‌ رۆژی ده‌نگدان ئه‌م كارته‌ی لا نه‌بێت مافی ده‌نگدانی ده‌فه‌وتێت.

 دیاره‌ پاساو و هۆكار زۆرن بۆ ئه‌و ساردوسڕییه‌ی جه‌ماوه‌ر، له‌ گرنگترینی پاساوه‌كان نه‌بوونی متمانه‌یه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی و ناشیرینبوونی سیاسه‌ته‌ له‌لای ده‌نگده‌ران كه‌ له‌ ماوه‌ی بیست و شه‌ش ساڵی حوكمڕانیدا نه‌توانرا سیاسه‌ت وه‌كو خۆی موماره‌سه‌ بكرێت كه‌ بریتییه‌ له‌ ئیداره‌دانێكی سه‌ركه‌وتوانه‌ی وڵات و پێشكه‌شكردنی چاكترین خزمه‌تگوزاریی به‌ هاووڵاتیان تا ببێته‌ خۆشكردنی ژیانیان و ئارامبوونی ده‌روونیان و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ هه‌ر فشارێك كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ریان. 

تا ئێره‌ حه‌قیقه‌ته‌ن وایه‌، خه‌ڵكی، به‌ تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ژیانێكی كوله‌مه‌رگی و مه‌ژییه‌ و مه‌مره‌ ده‌باته‌ سه‌ر كه‌ خراپی دۆخی ئابوری و دارایی كه‌ ئه‌ویش به‌رهه‌می سیاسه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌ی حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكانی هه‌رێمه‌، ته‌نگی به‌ هاووڵاتیان هه‌ڵچنیوه‌ و ته‌واو له‌ ژیان بێ ئومێدی كردوون و ئینتیماشیان بۆ خاك و وڵات له‌ لێواری كاڵبوونه‌وه‌ و نه‌مانی یه‌كجارییه‌، بۆیه‌ ناوه‌ ناوه‌ له‌ هه‌واڵه‌كان گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین به‌ داخه‌وه‌ كه‌ فڵان هاووڵاتی له‌ فلان شوێن له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه،‌ جا به‌ خۆخنكاندن بێت یان به‌ خۆكوژی بووبێت. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام چوونی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و جێهێشتنی خاك و زێدی باوباپیره‌یان، ئه‌مانه‌ش به‌رده‌وام هه‌واڵی گه‌رم و سه‌ردێڕی رۆژنامه‌كانن. 

جا سه‌ره‌ڕای راستی و حه‌قیقه‌تی ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی كه‌ باسمان كرد، به‌ڵام بابێین پرسیارێك له‌ خۆمان بكه‌ین: ئایا به‌ ساردبوونه‌وه‌مان و نه‌چوونمان بۆ ده‌نگدان له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن، كێ سوودمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بێت؟ ئایا به‌ مانه‌وه‌مان له‌ ماڵه‌وه‌ و ده‌نگنه‌دانمان، ئه‌م بارودۆخه‌ تاقه‌تپڕوكێنه‌ سه‌ختگیره‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟ بێگومان له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین هه‌رگیزاوهه‌رگیز نه‌خێر، چونكه‌ به‌ مانه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران له‌ ماڵه‌وه‌ و نه‌چوونیان بۆسه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌موچاو و عه‌قڵییه‌ته‌ شكستخواردوانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌رێمی كوردستانیان  به‌م رۆژه‌ تاڵ و شووم و پڕ له‌ قه‌یرانه‌ گه‌یاندووه‌. جا هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا تاكه‌ تروسكایی و ئومێدێك هه‌بێت بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی ریشه‌یی ته‌نها و ته‌نها ده‌نگدانی ده‌نگده‌رانه‌، واته‌ سندوقی ده‌نگدان ئه‌م پرسه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ و بالانسه‌كان ده‌گۆڕێت و دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ سه‌ره‌وخوار ده‌كات.

  كه‌واته‌ مادام ئه‌وه‌ بایه‌خ و گرنگی و هه‌ستیاریی ده‌نگدان بێت، پێویسته‌ هاووڵاتیان له‌ ئێستاوه‌ به‌ هیوا و دڵێكی پڕ له‌ حه‌سره‌ت و خۆزگه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی زوو هاتنی ئه‌و رۆژه‌ بكه‌ن، تا له‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاوا دیموكرات و ئازاد-دا تۆڵه‌ی خۆیان له‌و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بكه‌نه‌وه‌ و ڕق و خه‌شم و بێزاری و ناڕه‌زایی و گله‌ییه‌كانیان له‌ رێی ده‌نگدانه‌كانییانه‌وه‌ وه‌رگێڕنه‌ سه‌ر واقیع و بیسه‌لمێنن كه‌ ئه‌وان به‌و ره‌وشه‌ ناله‌باره‌ی كه‌ هه‌رێم پێیدا گوزه‌ر ده‌كات، رازیی نین‌ و خواستی گۆڕانی ریشه‌یی ده‌كه‌ن. 

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ده‌نگده‌ران وریا بن و به‌ چه‌واشه‌ و به‌ڵێنه‌ درۆینییه‌كان و خۆخۆشه‌ویستكردنی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و متمانه‌یان پێنه‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌یگرنه‌به‌ر، له‌ زه‌وی و پاره‌ دابه‌شكردن و سه‌ردان و هامۆشۆكردنی ماڵان، به‌ڵكو پێویسته‌ پاڵپشتی ئه‌و لیست و پاڵێوراوانه‌ بكه‌ن كه‌ جێی ئومێدی ئاینده‌ی ئه‌وانن،  تاكه‌ پێوه‌ریش بۆ ئه‌مه‌ په‌رێز پاكی و رابردووی لێوانلێو له‌ هه‌ڵوێستی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن بوون له‌ ماف و داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ر.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure