خه‌ره‌ند.. سروشت و ناسنامه‌ى ناسراوى رواندز

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/02/2018‌ :: 1569‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی
خه‌ره‌ندى رواندز جگه‌ له‌ پێگه‌ مێژوویى و ئه‌ده‌بییه‌كه‌ى له‌ رابردوودا، جوانیه‌كى تایبه‌تى سروشتى به‌ ده‌ڤه‌رى سۆران به‌خشیوه‌ و شاره‌زایانیش به‌ گونجاوترین و سەرنجڕاكێشترین شوێن بۆ گەشتیاری سەركێشی ناویده‌به‌ن.


هەر كە ناوی قەزای رواندز دێت، یەكسەر خەرەندیش دێتە سەر زاران، خەرەند و رواندز دوو شتی پێكەوە گرێدراو و لێكدانەبڕوان، بەو پێیەی رواندز لە سێ لایەوە بە خەرەند دەور دراوە و ئەمەش جوانییەكی زۆری بەخشیوەتە ئەم شارە.

هه‌ر بەهۆی خەرەندەوە میرنشینی سۆران رواندزی كردۆتە پایتەختی میرنشینەكەش ئەمەش بۆ پاراستنی لەدەست دوژمنان تاكو بەهۆی خەرەندەوە نەتوانن دەستیان پێبگات و بۆتە شورەیەكی گەورەی پاراستنی میرنشینەكە.  

خەرەند دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شارۆچكەی رواندز، زیاتر لە 100م قوڵە و زیاتر لە 150م بەرینە، بە درێژای رۆژهەڵاتی رواندز درێژدەبێتەوە تاكو دەگاتە گوندی كاولۆكان، بەشێك لە خانوەكان و بازاڕی رواندز، دەڕواننە سەر قوڵایی گەلیەكە و دیمەنێكی جوان و سەرنجڕاكێشی هەیە.

گەلی دووەم لە بەشی رۆژئاوای رواندز كە بە گەلی خاڵە رەش ناسراوە و لە گوندی كاولۆكان بە درێژایی رواندز و دواتر بۆ شنگلبانەی گەشتیاری و دواتر بۆ لای بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ درێژدەبێتەوە، قوڵی و گەورەیی و درێژیی لە گەلی خەرەند زیاترە، بەشێكی شارۆچكەی رواندز دەڕوانێتە سەر قوڵایی گەلیەكە بۆ گەشتیاری سەركێشی شوێنێكی گونجاو و سەرنجڕاكێشە.  

كارزان عەزیز، مامۆستای مێژوو بە دواڕۆژی وت "خەرەندی رواندز بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی، كە شاری رواندز لەنێوان خەرەند و گەری خارە رەش بنیادنراوە، بۆ شارەكە بووە بە پەناگەیەكی قایم كە بە ئاسانی دەستی دوژمن بەو شارە نەگات، لە رابردوودا نموونەی زۆر هەن كە پێگەی قایمی رواندز دەردەخەن بەهۆی خەرەندەوە، پێشتریش ئەو شارە هەر بەهۆی خەرەندەوە كراوەتە پایتەختی میرنشینی سۆران.

ئەو مامۆستایە لەو روەوە چەند نمونەیەكی مێژوویی هێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا "لەسەردەمی هەریەك لە میر ئۆغز بەگی گەورە و میر محەمەدی ناسراو بە پاشای گەورەش، سەفەوی و عوسمانییەكان نەیانتوانیوه‌ بگەنە شارەكە بەهۆی خەرەندەوە كە بووە قەڵا و شورەیەكی گەورە بۆ پاراستنی رواندز". 

رونیشیكردەوە كە "لە سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانیش كاتێك روسەكانی پەلاماری شاری رواندزیاندا ژمارەیەكی زۆر سەربازی روس بەهۆی نەشارەزاییان لە خەرەند كەوتنە خوارەوە، ئێستاش ئەو بەشەی خەرەند كە سەربازە روسەكان تیایدا گیانیان لەدەستداوە، پێی دەڵێن لاتێ‌ عروسا لە سەردەمی شۆڕشی نوێشدا زۆربەی كات ئەو شارە ناوچەیەكی ئازادكراو بووە". 

خەرەند زۆرجار بۆتە سەرچاوەی ئیلهامی ئەدیب و شاعیران و دیوانێكی شیعری و رۆمانێكیش بەو ناوەوە ناونراون. 

مامۆستا یاسین برایم، كە بەشی هەرە زۆری تەمەنی مناڵی خۆی لە خەرەندی رواندز بەسە بردووە لە لێدوانێكدا بە دواڕۆژی وت "خەرەند ئیلهام و خەیاڵ و وزەو عەشق و خۆشەویستی بەخشیوەتە شاعیران و هونەرمەندان و لە نێو نووسین و كارەكانی خۆیان رەنگیداوەتەوە". 

ناوبراو لەم رووەوە چەند نموونەیەك دەهێنێتەوە و وتى "خەرەند بۆتە هەوێنی رۆمانێكی شێرزاد حەسەن بەناوی (تەمی سەر خەرەند) كە بۆ خۆشی تەمەنی مناڵی هەر لە رەواندز بەسەربردووە". 

نزار خەیلانی شاعیریش دیوانێكی خۆی بڵاكردۆتەوە بەناوی (لێوەكانی خەرەند ماچ كەن). 

جگە لەمە چەند بڵاوكراوەیەكیش بە ناوی خەرەندەوە لە رواندز چاپ و بڵاوكراونەتەوە.  

بوونی سروشتێكی وا لە ناوچەی رواندز، كارێكی وەهایكردووە كە سروشتێكی زۆر جوان و تایبەتی بەخشیوەتە شارەكە. 

رێبوار عەبدوڵا رواندزی، كە گەنجێكی ناوچەكەیە، ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر شوێنێكی وەها لەهەر وڵاتێك بوایە دەبوو بە مەڵبەندێكی گەورەی گەشتیاری و كات بەسەربردن، كەچی بەداخەوە خەرەندی رواندز لەو رووەوە بایەخێكی ئەوتۆی پێنەدراوە.  

وتیشی "من هەموو تەمەنی مناڵی و گەنجیم لەسەر خەرەند بەسەربردووە، شوێنێكیش بووە كە هەمیشە قوتابیان روویان لێكردووە بەمەبەستی سەعیكردن". 

یاسین برایم جەخت لەوەش دەكاتەوە كە خەرەند بۆ رواندزیان وەك دەریایەكی گەورە و دورگەیەكی ناسراو و جوان وایە، دڵمان پێدەكرێتەوە و ناتوانین بۆ ساتێك لە هزر و خەیاڵی خۆمان دەریبكەین، بەڵام بەداخەوە كە حكومەت ئەم شوێنەی فەرامۆشكردووە.

چەندین هاوڵاتیش لە خەرەند كەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەستداوە هەروەك چەندین ئۆتۆمبێلیش لەو جادەیەی كە بەسەر خەرەند دەڕوانێت هەڵدێراون، كە دواترینیان ئۆتۆمبێلێك بوو بە چوار سەرنشینەوە كەوتنە نێو خەرەند و هەموویان گیانیان لەدەستدا.   

چیا محەمەد، بەرپرسی بنكەی گەشتوگوزاری رواندز لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە هیچ پڕۆژەیەكی گرنگ و گەشتیاری لە سەر خەرەند ئەنجامبدەن. 

رونیشیكردەوە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خەرەند توانیویەتی سەرنجی گەشتیاران بۆ خۆی رابكشێت. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە