"مەترسی لەناوچوونی دارستانەکانی سنوری سلێمانی هەیە"

هەواڵ / کوردستانی :: 23/02/2018‌ :: 427‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
 ژینگەپارێزانی سنووری قەزای پێنجوێن، هۆشداریدەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی لە مەترسی لەناوچوونی دارستانەكانی سنورەکە و رایدەگەیەنن "بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەت و دابیننەكردنی كەرەستە و تیمی تایبەت بەپاراستنی دارستان مەترسی و هەڕەشە لەسەر كەمبونەوە و لەناوچوونی بەشێكی بەرچاوی دارستانەکانی ناوچەکە هەیە".


رێیوار كەمال، سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە لەپێنجوێن، بەدواڕۆژی وت " بەهۆی زیادبوونی مەترسیەكانی سەر ژینگەی كوردستان و بەتایبەتیش سنوری قەزای پێنجوێن و پارێزگای سلێمانی، لەهەوڵەكانمان بۆ گەیاندنی نیگەرانیی بەلایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامین و چەندین رێگا و هەڵمەتی جیاوازیشمان گرتووەتەبەر".

وتیشی "لەدواین هەوڵماندا دوو یاداشتمان ئاڕاستەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە، كە یاداشتی یەكەمیان، تایبەتە بەمەترسی لەناوچوونی دارستانە سروشتیەكان و ئەوەمان خستۆتەڕوو كە دارستانە سروشتیەكانی عێراق بەگشتی دەكەونە هەرێمی كوردستان و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە".

رێبوار کەمال ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەت و دابیننەكردنی كەرەستە و تیمی تایبەت بە پاراستنی دارستان و  ناچالاكی و كەم تەرخەمی (پۆلیسی دارستان و لیژنەكانی پەرلەمان و پارێزگاكان و یەكە ئیداریەكان) و نەبوونی نەخشەی بنەڕەتی دارستانەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و نەبوونی ئامارێكی دروست و  دیاری نەكردنی سنوری دارستانەكان و جێبەجێ نەكردنی یاساو ڕێنمایەكان لە دادگاكان ئەمانە و چەندین هۆكاری دیكە بونەتە هۆی مەترسی و هەڕەشەی كەم بونەوە و لەناوچوونی بەشێكی بەرچاوی دارستانە سروشتی و دەستكردەكانمان.

روونیشیكردەوە "لەیاداشتی دووەمیشدا، سوتانی تایە و پاشماوەكانمان باسكردووە كە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی كردووە، بەجۆرێك لەشار و بەشێكی زۆری شارۆچكەكان دەبینرێت، ئەمەش لەپێناو بەدەست هێنانی بڕێكی كەم پارەیە لە لایەن هاوڵاتیانەوە كە تایە سوتاوەكە بڕێكی كەم ئاسنی تێدایە و بەنرخی ئاسن هاوڵاتیان دەیبەن بۆ كارگەكانی ئاسن".

 

دەشڵێت "هۆكاری زیادبوونی ئەم حاڵەتە جگە لەپاشماوەی تایەیی ئۆتۆمبێلی ناوخۆی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێك لە شۆفێری ئۆتۆمبێلە بار هەڵگرە ئێرانیەكان لە وڵاتی ئێران تایەیی كۆن دەبەستن و لەهەرێم تایەیی نوێ دەبەنەوە و بازرگانی پێوە دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی پاشمەوەیەکی زۆری تایەی کۆن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە