گۆڕان سێ كاندید بۆ جێگرى پارێزگارى سلێمانى دیاریده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 22/02/2018‌ :: 690‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سێ كاندید بۆ پۆستى جێگرى پارێزگارى سلێمانى ده‌ستنیشان ده‌كات و ئه‌ندامێكى ژورى په‌رله‌مان و حكومه‌تى بزوتنه‌وه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یه‌كێكیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.


دانا عه‌بدولكه‌ریم، ئه‌ندامى ژورى په‌رله‌مان و حكومه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ى شوباتى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌پێى رێكه‌وتنى سیاسی نێوانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى حكومه‌تى خۆجێى، یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانى جێگرانى پارێزگارى سلێمانى بۆ گۆڕان ده‌بێت.

وتیشى، "به‌پێى بڕیار و رێنماییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێویسته‌ سێ كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریبكرێت و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگاوه‌ بپاڵێورێن، بۆ ئه‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مڕۆ ناوى سێ كاندیدى ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كردووه‌".

دانا عه‌بدولكه‌ریم ئاشكراشیكرد، ئه‌وان هه‌ریه‌ك له‌ (ئه‌حمه‌د عه‌لى و فازیل عومه‌ر و هاوار شێخ ره‌ئوف)یان ده‌ستنیشان كردووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، پاش ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كاندیده‌كانى گۆڕان وه‌ك پاڵێوراو په‌سه‌ندده‌كات، پێویسته‌ ناوه‌كانیان به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم تا له‌وێ یه‌كێكیان وه‌ك جێگرى پارێزگارى سلێمانى دیاریبكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure