جموجۆڵەکانی داعش هەڕەشە لەباشوری کەرکوک دەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/02/2018‌ :: 571‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
دانیشتوانی قەزای داقوق (45 کیلۆمەتر لەباشوری کەرکوک) لە دڵەڕاوکێدان بەتایبەت کە بەشێک لەدانیشتوانی گوندەکان ماڵەکانیان بەرەو سەنتەری شارەکە گواستوەتەوە و چیرۆکی بینینی مەفرەزەکانی داعشیان بۆ هاووڵاتیان گواستوەتەوە.


هێرشەکەی چەند شەوی رابردوش لە نزیک گوندی سەعدونیەی سەر بەناحیەی ریاز کە تێیدا 27 چەکداری هەواڵگری حەشدی شەعبی کوژران، ئەوەندەی دیکە ترس و دڵەڕاوکێی لەلای هاووڵاتیان دروستکردووە.

بەتایبەت کە هێزێکی پۆلیسی ئیتیحادی لە نزیک گوندی غێدەی سەر بە قەزاکە بەرەو سەنتەری شارەکە پاشەکشەیان کردووە و بەوەش تەنها هێزێکی کەم لە گوندی غێدە ماون و هیچ هێزێکی دیکە لەگوندەکانی دەوروبەری شارەکە نەماون کە پێشتر بەشێکیان مۆڵگەی سەرەکی حەشاردانی داعش بوون.

بەپێی زانیارییەکانیش هۆکاری کشانەوەی ئەو هێزە بۆ ئەوەیە کۆنترۆڵی شارەکە بکات چونکە مەترسی پەلاماری داعش هەیە بۆ سەر سەنتەری قەزاکە.

ئیدریس حاجی عادل، بەرپرسی کۆمیتەی داقوقی یەکێتی بە دواڕۆژی وت "لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە کە هێزە سەربازییەکان هاتونەتە داقوق جگە لەسەنتەری شارەکە هیچ هێزێکیان لەگوندەکان جێگیرنەکردووە بەتایبەت ئەو ناوچانەی پێشتر پێشمەرگە بۆ پاراستنی شارەکە پشتێنەی ئەمنیان تێیدا دروستکردبوو".

وتیشی "لەزاری هاووڵاتیانی دانیشتوی گوندە کاکەییەکانەوە دەبیستین کە جموجۆڵی چەکدارانی داعش دەبینرێن لە چەمی رۆخانە و گوندە هاوسنورەکانی ناحیەی رەشاد".

دوای سەرهەڵدانی گروپی تیرۆرستی داعش و دەستگرتن بەسەر باشور و رۆژئاوای کەرکوکدا، بەشێکی زۆر لەگوندەکانی داقوق کەوتنە ژیر دەستی داعش و دواتر پێشمەرگە بەشەڕ لێی وەرگرتنەوە.

تاوەکو 16ی ئۆکتۆبەر هێزی پێشمەرگە پشتێنەی ئەمنی لەدەوری قەزاکە گرتبوەبەر و بۆ رێگریکردن لەدزەکردنی چەکدارانی ئەو گروپەش خەندەقی لێدابوو، بەڵام لەدوای ئەو رێکەوتە پێشمەرگە کشایەوە و هێزە سەربازییەکانی عێراق لەشوێنیان جێگیربوون.

عەلی حسێنی، فەرماندە لە میحوەری باکوری حەشدی شەعبی بەدواڕۆژی وت "هێزە سەربازییەکانی عێراق ژمارەیان سنوردارە و لەئێستادا بەسەر بەرەیەکی بەرفراوانی عێراقدا دابەشبوون بۆیە لەتوانای سەربازیدا نییە هێز لەسەرجەم ناوچەکان جێگیربکات".

ئەو فەرماندەیەی حەشد ئەگەرچی بوونی گروپ و مەفرەزەی چەکداری داعشی لەسنورەکە نەشاردەوە، بەڵام بەدووری زانی جارێکی دیکە توانای داگیرکردنی ناوچەیان هەبێت و وتی "لەم قۆناغەدا چەکدارانی داعش تەنها پەنا دەبەنە بەر پەلاماری لەناکاو و خۆدزینەوە".

لەدوای کشانەوەی هێزەکانی سوپا کە پێشتر ئەمنییەتی شارەکەیان لەئەستۆ بوو، پۆلیسی ئیتیحادی لەشوێنیان جێگیرکراون و بەپێی زانیارییەکانیش تەنها فەوجێکیان لەشارەکەدایە.

عەزیز مەلا حەسەن، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی وت "پاشماوەکانی داعش بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانەیان قۆستوەتەوە کە لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەدایە و ویلایەتێکی نوێیان دامەزراندووە".

لەبارەی ئەو ناوچانەش کە داعش جموجۆڵ و چالاکی تێدا دەکات وتی "چەکدارانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکانی مەندەلییەوە تاوەکو ناوچەکانی ریاز و زاب خۆیان رێکخستوەتەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ پەلاماری تیرۆرستی".

رونیشیکردەوە کە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان داعشیش پەلامارەکانی بەرەو سەنتەری کەرکوک بگوازێتەوە.

هەرچی حزبە عەرەبی و تورکمانەکانیشە لەچەند بەیاننامەیەکی جیادا هۆشداریاندا لەپەرەسەندنی کردەوە تیرۆریستییەکان و داوایانکرد هێزی زیاتر رەوانەی شارەکە بکرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure