دواڕۆژ زانیارى له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى بۆمبێكى كیمیایى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 22/02/2018‌ :: 672‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
دواى ئه‌وه‌ى ئێواره‌ى دوێنێ له‌لایه‌ن هاوڵاتییه‌كه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆمبێك دۆزرایه‌وه‌، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و كیمیاییه‌ و هاوشێوه‌ى ئه‌و بۆمبانه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌كارهێنراون.


وشیار بیاوێڵه‌یى، كه‌ ماوه‌ى زیاد له‌ 30 ساڵه‌ له‌ بوارى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى بۆمب و ته‌قه‌مه‌نى كار ده‌كات به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "دوێنێ له‌لایه‌ن هاوڵاتییه‌كى گوندى (قلیج)ى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاگاداركرامه‌وه‌، كه‌ له‌ شاخى ( بیسان) بۆمبێكى دۆزیوه‌ته‌وه‌ نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه‌، دواتر كه‌ چومه‌ شوێنه‌كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ بۆمبێكى نه‌ته‌قیوى كیمیاییه‌ و هاوشێوى ئه‌و بۆمبانه‌یه‌ له‌ كاتى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ساڵى 1988 به‌كارهێنراون".

وتيشى "پێده‌چێت بۆمبه‌كه‌ دروستكراوى ئه‌ڵمانیا بێت، ئه‌وه‌ش به‌ پشتبه‌ستن به‌و نوسینانه‌ى له‌سه‌رى هه‌یه‌، هاوكات قه‌باره‌ى زۆر گه‌وره‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه‌ى له‌ناو بۆمبه‌كه‌دا هه‌یه‌ له‌ جۆرى كلۆره‌ و ماده‌یه‌كى ژه‌هراوى كوشنده‌یه‌".

ئه‌وه‌شى وت "بۆمبه‌كه‌م هه‌ڵگرته‌وه‌ و بردومه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ دامناوه‌ و ئاماده‌ش نیم پوچه‌ڵى بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ مێژووى شارێكه‌ و ده‌بێت پارێزگارى لێبكه‌ین و له‌ فه‌وتان رزگارى بكه‌ین".
 
وشیار بیاوێڵه‌يى ئه‌وه‌شى وت "تائێستا له‌ سنوره‌كه‌دا 17 بۆمبى دیكه‌ى كیمیایم دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچكامیان له‌م بۆمبه‌ نین بۆیه‌ ده‌كرێت له‌ داهاتوودا لێكۆڵینه‌وه‌ى زیاترى له‌سه‌ر بكرێت و راى گشتى لێ ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure