شه‌پۆلێكى بارانبارین روو له‌هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 21/02/2018‌ :: 29492‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئاشكرایده‌كات، سبەى پێنجشەممە هه‌رێمى كوردستان دەکەوێتە ژێر كاریگه‌ى نزمە پاڵەپەستۆیه‌كى لاوازى دەریاى ناوەڕاست و بۆ ماوەى نزیکەى هەفتەیەك به‌رده‌وامده‌بێت.


بژار ئه‌كره‌م، به‌پرسى به‌شى پێشبینییه‌كان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "لەسبەى پێنجشەممە 22ى شوبات، هه‌رێمى كوردستان دەکەوێتە ژێر گۆڕانکارى لەئەنجامى نزمە پاڵەپەستۆیه‌كى لاوازى دەریاى ناوەڕاست، له‌ئه‌نجامدا بۆ ماوەى نزیکەى هەفتەیەك له‌ ئاسمانى هەرێم بەردەوام هەور دەبێت و باران بە پچڕپچڕى و نمەبارانى کەم و مامناوەند بە گوێرەى ناوچەکان دەبارێت".

وتیشى "له‌ماوه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا هەندێك کات ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵەهەور-یش دەگۆڕێت، به‌شێوه‌یه‌كى گشتی لەماوەى ئەم چەند رۆژەدا كه‌شه‌كه‌ کەشێکى بەهاریى دەبێت و پلەکانى گەرما زیاتر جێگیرده‌بن".

به‌پرسى به‌شى پێشبینییه‌كان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، سه‌ره‌تا شه‌پۆله‌كه‌ لەناوچەکانی رۆژئاوا، واتە سنوری هەولێر و دهۆک و دەڤەری بادینانەوە دەستپێدەکات، دواتر ده‌گاته‌ ناوچەکانی رۆژهەڵات، واتە سنوری کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی.

ناوبراو ڕه‌تیكرده‌وه‌ هه‌رێم رووبه‌ڕووى لافاو یبێته‌وه‌و ئاشكرایكرد جارێ ناتوانرێت بڕى ئه‌و بارانبارینه‌ دیاریبكرێت كه‌ ده‌بارێت، لە کاتى گۆڕانکارى زیاتر و زیادبوونى بڕى باران بە ڕاپۆرتى تایبەت بڵاویده‌كه‌ینه‌وه.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure