داواكارى گشتى: نابێت كه‌یسه‌كانى زیاده‌ڕه‌ویى به‌ر لێبوردنى گشتى بكه‌ون

هەواڵ / کوردستان :: 21/02/2018‌ :: 403‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
دەستەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری کردوە، داوادەکات کەیسەکانی زیاده‌ڕه‌ویى بۆسەر موڵك و ماڵی گشتی بەر یاسای لێبوردنی گشتی نەکه‌ون.


له‌ كۆتایى مانگى كانونى یه‌كه‌مى  ساڵى 2017، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان یاسایى ژماره‌ (3)ى ساڵى 2017ى لێبوردنى گشتى ده‌ركرد، به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ش زیاتر له‌ 2 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێم به‌ر یاسایى لێبوردنى گشتى ده‌كه‌ون، له‌ ئێستاشدا ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌ هاوكارى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌وڵى وردبینیكردنى دۆسیه‌ى زیندانیانى هه‌رێمن، به‌شێك له‌و دۆسیانه‌ش په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ زیاده‌ڕه‌ویى بۆ سه‌ر موڵك و ماڵى گشتى. هه‌رچه‌ند به‌پێى ماده‌ى 9ى یاساكه‌ نابێت تاوانبارانى سزاى زیاده‌ڕه‌ویى به‌ر یاسایى لێبوردن گشتى بكه‌ون، به‌ڵام له‌ئێستا به‌شێك له‌و كه‌یسانه‌ له‌ لایه‌ن داده‌ورانه‌وه‌ لێبوردنى گشتى بۆ ده‌رچووه‌، داواكارى گشتیى هه‌رێمیش ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و داواده‌كه‌ن دادوه‌ران کەیسەکانی زێدەڕۆیی بەسەر موڵک و ماڵی گشتی بەر لێبوردنى گشتى  نەخەن.

به‌پێى نوسراوێكى سه‌رۆكایه‌تى داواكارى گشتى/ ده‌سته‌ى مافى گشتى به‌ ژماره‌ (6/ 76)،  كه‌ كۆپیه‌كى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، به‌ پێى یاسایى ژماره‌ 3ى ساڵى 2017 لێبوردنى گشتى كه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رچووه‌، نابێت ئه‌و كه‌سانه‌ى تۆمه‌تبارن به‌ زێده‌ڕۆیى بۆ سه‌ر موڵكى گشتى لێبوردنى گشتى بیانگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ دادوه‌ران و ئه‌ندامانى داواكارى گشتى ئه‌و جۆره‌ تاوانه‌ به‌ر یاسایى لێبوردنى گشتى ده‌كه‌وێنن، به‌بیانوى ئه‌وه‌ى ته‌نها رێككاره‌ سزاییه‌كان ده‌وه‌ستێنن. له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌ى 9ى یاسایى لێبوردنى گشتى.

سه‌رۆكایه‌تى داواكارى گشتى، داوا له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ده‌كات نوسراوێكى گشتاندن بۆ سه‌رجه‌م دادوه‌ران و ئه‌ندامانى داواكارى گشتى بكات، به‌مه‌به‌ستى ڕێگه‌گرتن له‌ جێبه‌جێكردنى یاسایى لێبوردنى گشتى به‌سه‌ر تاوانبارانى زێده‌ره‌ویى به‌سه‌ر موڵك و ماڵى گشتى، ئه‌وه‌ش بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ده‌ربازبوونى یاساشكێنان و گه‌نده‌ڵكاران.

له‌ نوسراوه‌كه‌دا داواكارى گشتى ڕاشیگه‌یاندووه‌ :"پێویسته‌ ڕاڤه‌ى دروست بۆ ماده‌ى نۆ له‌یاسایى لێبوردنى گشتى 2017 بكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌مێنێته‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوونى زێده‌ڕه‌ویكاران له‌ سزایى یاسایى".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure