%70ی كۆمپانیاكانى سلێمانى تۆمارى خۆیان نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 20/02/2018‌ :: 215‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ
به‌رێوبه‌رى تۆمارى كۆمپانیاكانى سلێمانى ئاشكراى ده‌كات، ساڵى رابردوو زیاتر له‌ 70% كۆمپانیاكانى سنورى پارێزگاى سلێمانى، تۆمارى خۆیان نوێ نه‌كردووەته‌وه‌و له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردووشدا 50% نه‌هاتوون بۆ تۆمارى كۆمپانیاكان.


سۆران ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌رى تۆمارى كۆمپانیاكانى سلێمانى له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى "ژێرخانى ئابوورى" كه‌ رۆژانى دووشه‌ممه‌ له‌ رادیۆى دواڕۆژ پێشكه‌شده‌كرێت رایگه‌یاند "له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر له‌ 6000 كۆمپانیا تۆماركراون، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و بێکاری، ساڵى 2017 زیاتر له‌ 70% كۆمپانیاكان تۆمارى خۆیان نوێى نه‌كرووەته‌وه‌".

راشیگه‌یاند "له‌ ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوودا نیوه‌ى كۆمپانیاكان كه‌ ده‌كاته‌ 3000 كۆمپانیا تۆمارى خۆیان نوێ نه‌كردووەته‌وه‌و باجیان نه‌داوه‌".

رونیشیكرده‌وه‌ "به‌هۆى ئه‌وه‌ى كۆمپانیاكان كاریان نه‌بووه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ خه‌رجییه‌ كارگێرییه‌كانیان دابین بكه‌ن، بۆیه‌ نه‌هاتووون تۆمارى خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه‌".

به‌رێوه‌به‌رى تۆمارى كۆمپانیاكانى سلێمانى وتیشى "به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و بێکاریی، كۆمپانیا هه‌یه‌ 1800 كارمه‌ندى هه‌بوو، ئێستا 50 كارمه‌ندى ماوه‌".

سه‌بارەت به‌ زیادكردنى باج وتى "زیادكردنى باج له‌کاتی قه‌یرانى دارایی و بێکاریدا هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، له‌ ئێستادا هه‌ندێك كۆمپانیا هه‌یه‌ ناتوانێت باجى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆمپانیاكه‌شى بدات، بۆیه‌ زیادكردنى باج پێویستى به‌ دیراسه‌ى ورد هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش زۆربه‌ى كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌ گه‌وره‌كان كه‌ داهاتى زۆریان هه‌یه‌، له‌باجدا به‌خشراون". 
 
هاوكات عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لى ئه‌ندامى لیژنه‌ى بازرگانى و مافى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند، 2017 داهاتى باجى كۆمپانیاكان 207 ملیار بووه‌، ئه‌وه‌ش بۆ 25 هه‌زار كۆمپانیا كه‌ له‌هه‌رێم تۆماركراون زۆر كه‌مه‌، له‌كاتێكادا 15%ی قازانجیان لێوه‌رده‌گیرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure