مامۆستایانی ناڕازی له‌باره‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام بڕیاریاندا

هەواڵ / کوردستان :: 20/02/2018‌ :: 6954‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌سلێمانی، بڕیاریاندا درێژه‌ به‌ بایكۆتی خوێندن بده‌ن.

ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند "مامۆستیان و قوتابیان قوربانی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵن و داواكارین له‌كه‌سوكاری قوتابیان هاوهه‌ڵوێست و پشتیوانی مامۆستایان بن، له‌پێناو نه‌فه‌وتانی خوێندنی ساڵێكی قوتابیان".
 
ده‌ڵێن "جه‌خده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌به‌رده‌وامیی هه‌ڵوێسته‌كانمان و داواده‌كه‌ین مووچه‌كانمان به‌بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌شبكرێت".

هه‌ڕه‌شه‌ له‌حزبه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن داوا له‌حزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به‌داواكارییه‌كانی مامۆستایان هه‌ڵوێستی روونیان هه‌بێت، ئه‌گینا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی  داهاتوو ده‌كه‌ینه‌ وێستگه‌ى روبه‌ڕووبوونه‌وه‌و سزادانی ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ دژی داواكارییه‌كانمانن.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد له‌ماوه‌ی داهاتوودا لیژنه‌یه‌ك له‌مامۆستایان بۆ داواكارییه‌كانی مامۆستایان ده‌چن به‌غدا و دوباره‌ش داوا له‌حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین به‌زوترین كات مووچه‌ی مامۆستایان و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران بنێرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن كه‌ پشتیوانی مامۆستایانی هه‌ولێر و دهۆك و بادینان ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌یان نواند.

مامۆستایانی ناڕازی راشیده‌گه‌یه‌نین كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ خۆپیشاندانێكی فراوان له‌سلێمانی ئه‌نجامده‌ده‌ین و داوا له‌كه‌سوكاری قوتابیان و مامۆستایانی ئایینی و جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ین پشتیوانمان و به‌شداربن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure