ئەنجامی پشكنینێك لەسەر ژینگە و ئاو و هەوای هەڵەبجە ئاشكراكرا

هەواڵ / کوردستان :: 20/02/2018‌ :: 688‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
لێكۆڵینەوەیه‌ك لەسەر مانەوەی كاریگەرییەكانی چەكی كیمیایی لەسەر ژینگە و ئاو و هەوای هەڵەبجە ئاشكرایده‌كات هیچ مەترسییەك لەسەر ژینگەی شاره‌كه‌ نەماوە.


لە چەند مانگی رابردوودا تیمێكی نێودەوڵەتی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەسەر مانەوەی كاریگەرییەكانی چەكی كیمیایی لەسەر ژینگە و ئاو و هەواى شاره‌كه‌.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20ى شوباتى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند، دوای ئەوەی تیمێكی نێودەوڵەتی كە لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزای زانكۆی (زولاند)ی ئەفریقای باشوور و بەرپرسانی رێكخراوی (گڵۆباڵ ریلێف)ی جیهانی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی سلێمانی سەردانی شاری هەڵەبجەیانكرد بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەباره‌ى مانەوەی كاریگەرییەكانی چەكی كیمیایی لەسەر ژینگەی شارەكە ئەمڕۆ ئەنجامی ئەو پشكنینانەمان وەرگرتەوە.

وتیشى، به‌پێى ئەو پشكنینانە دەركەوتووە كە خۆشبەختانە كاریگەرییەكانی چەكی كیمیایی بەسەر ژینگە و ئاو هەوای هەڵەبجەوە نەماوە و پشكنینەكان بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی رادەستمان كراوەتەوە هەموویان پاك و تەندروستن.

لە 1988/3/16 رژێمی بەعس بەچەكی كیمیایی هێرشی كردەسەر هەڵەبجە و دەوروبەری بەوهۆیشەوە زیاد لە پێنج هەزار هاوڵاتی شەهیدبوون و بە هەزارانی دیكەش برینداربوون.

لە ساڵانی رابردووشدا چەندین تیمی بیانی لە وڵاتانی ئەوروپی سەردانی هەڵەبجەیان كردووە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەسەر مانەوەی كاریگەرییەكانی چەكی كیمیایی لەسەر ژینگە و سروشتی شاره‌كه‌، بەڵام هیچ كام لە ئەنجامی ئەو پشكنینانە رانەگەیەنراون، ئەوەش بەرپرسانی ئیداری هەڵەبجە و دانیشتوانى شاره‌كه‌ى نیگەران كردبوو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure