"نەبارینی بەفر دەگمەنە و لەمێژووی پێنجوێندا شتی وا نەبووە"

هەواڵ / کوردستان :: 20/02/2018‌ :: 537‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
جیاواز لەساڵانی رابردوو، ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لەسنووری قەزای پێنجوێن، رێژەی بەفربارین زۆر كەمیكردووە و بەرپرسی كەشناسی ناوچەكەش ئاماژە بەوەدەكات، لەمێژووی كەشناسی پێنجوێن و بیرەوەری كەسانی بەتەمەنی سنوورەكەماندا، هیچ ساڵێك نەبووە، وەك ئەمساڵ ئەو رێژە كەمەی بەفر ببارێت، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو لەم كاتەدا، زیاتر لەیەك مەتر و نیو بەفر باری بوو.


لەوبارەیەوە، بەهادین حەسەن، لێپرسراوی بەشی كەشناسی پێنجوێن، لەلێدوانێكی تایبەتدا، بەدواڕۆژی راگەیاند: لەمێژووی كەشناسی پێنجوێن و تەنانەت لەبیرەوەری كەسانی بەتەمەنی پێنجوێنییەكاندا، هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ، بەو شێوەیە نەبووە كە پێنجوێن بێ بەفری بەخۆوەیەوە ببینێت.

وتیشی "لەمساڵدا تاوەكو ئەمڕۆ تەنیا (7) سم بەفر باریوە، لەكاتێكدا پار ساڵ تا ئەم كاتانە، (158) سم بەفر باری بوو".

روونیشیكردەوە، "بەپێی زانیارییە كەشناسیەكانی جیهان، لەهەر 100 ساڵ جارێكدا، گۆڕانكارییەك روودەدات لەسروشتدا كە گەرما یەك پلە  بەرزدەبێتەوە و پێنجوێنیش لەماوەی ساڵی رابردوودا، پلەكانی گەرمای بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی، هەرچەندە ناوچەیەكی كوێستانی و بەرزیشە، بەڵام نەبارینی بەفر لەمساڵدا، بەراستی زۆر شاز و دەگمەنە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەشێوەیەكی گشتی باران بارینی ئەمساڵ بەبەراورد بەساڵی رابردوو زۆر زیاترە كە كۆی گشتی تاوەكو ئەمڕۆ بریتیە لە(673.5) ملم، بەڵام پار ساڵ لەم كاتەدا، تەنیا (584) ملم باران باری بوو، هەر بۆیە پێشبینی دەكەین لەگەڵ ئەوەی بارانەكەی ئەمساڵ زۆرترە، بەڵام بۆ ئاوی ژێر زەوی ئەوەی پار باشترە، لەبەرئەوەی بەفری لەگەڵدا بووە. بەڵام ئەمساڵ بارانەكە بێ بەفرە.

قەزای پێنجوێن، یەكێكە لەناوچە كوێستانیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و نزیكەی (1200) مەتر لەئاستی دەریاوە بەرزە و ساڵانە لەوەرزی پایز و زستاندا بەفر و بارانێكی زۆری لێدەبارێت و خاوەنی كەشوهەوایەكی ساردە و لەوەرزەكانی هاوین و بەهاریشدا، كەشوهەوای ناوچە فێنكە.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure