"داعش لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەخۆڕێکخستنەوەدایەو ویلایەتێکی نوێیان دامەزراندووە"

هەواڵ / عێراق :: 19/02/2018‌ :: 642‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پەلامارەکەی شەوی رابردووی ریاز چاوەڕوانکراو بووەو ئەو جۆرە گورزانەش پەلدەکێشێت بۆ سەنتەری شاری کەرکوک.


عەزیز مەلا حەسەن ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی وت "پاشماوەکانی داعش لەناوچەکانی مەندەلی تاوەکو ریازو زاب لەباشورو رۆژئاوای کەرکوک جارێکیتر خۆیان رێکخستووەتەوەو لەچوارچێوەی ویلایەتییەکی نوێدا کە دایانمەزراندووە ئامادەکارییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوە پەلامارەکانیان کە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو خۆی دەبینێتەوە لە پەلاماری تیرۆریستی لەڕێگەی بۆمب و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و بۆسەی چەکداریی، چونکە چیتر توانای داگیرکردنی شارو شارۆچکەیان نەماوە".

وتیشی "لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکان، ئەوانیش پەلامارەکانیان چڕدەکەنەوەو ئەو پەلامارانەش پەلدەکێشێت بۆ سەنتەری شاری کەرکوک، چونکە بۆشایی ئەمنی گەورە دروستبووە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و گرژییەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر، داعش سودی لەو ناوچانە بینی کە کەوتنە نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و بەتایبەت کشانەوەی پێشمەرگە لەکەرکوک بۆشایی ئەمنی گەورەی دروستکرد.

عەزیز مەلا حەسەن، پەلامارەکەی شەوی رابردووی ریازیشی بەنمونە هێنایەوە کە هێشتا هەمەهەنگی لەنێوان هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکاندا نییەو بەشێکی خەڵکی باشوری کەرکوکیش بەدڵ لەگەڵ داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکەن.

گروپی داعش جموجۆڵە سەربازییەکانی لەسنوری کەرکوک دەستپێکردووەتەوەو ناو بەناو لەڕێگەی بۆسەی وەهمییەوە گورزی کوشندە لەهێزە ئەمنییەکانی حەویجە دەدات، چەند رۆژێک پێش ئێستاش پیلانێکی ئەو گروپە پوچەڵکرایەوە کە دەیانویست ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بێننە کەرکوکەوەو لەئەنجامدا شۆفێرەکەی کوژراو دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیرا.

شەوی رابردووش زیاتر لە 25 چەکداری هەواڵگریی لیوای 16ی حەشدی تورکمانی لەبۆسەیەکدا کوژران و ژمارەیەکیشیان بەدیلگیراون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure