عێراق 0.5%ی داهاتى هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ده‌دات به‌ كوه‌یت

هەواڵ / ئابوری :: 18/02/2018‌ :: 214‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
راوێژكارى ئابوورى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئاشكراى ده‌كات، له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستیكردوه‌ به‌گیڕانه‌وه‌ى پاشماوه‌ى قه‌ره‌بووى زیانه‌كانى جه‌نگى داگیركردنى كوه‌یت بۆ کوەیت، كه‌ بڕه‌كه‌ی 4.5 ملیار دۆلاره‌، به‌رێژه‌ى 0.5% هه‌ر به‌رمیله‌ نه‌وتێك كه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت.


موزهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، راوێژكارى ئابوورى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ى شوبات، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان پێشنیارێكى عێراقی په‌سه‌ندكرد، كه‌ بڕى 0.5% دۆلار له‌ داهاتى هه‌نارده‌ى هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ببڕدرێت و بدرێت به‌كوه‌یت، كه‌ بڕى قه‌رزه‌كه‌ 4.6 ملیار دۆلاره‌".

ساڵح، رونكردووەته‌وه‌  ساڵى داهاتوو بڕى قه‌ره‌بووه‌كه‌ ده‌بێت به‌ 1.5 دۆلار له‌ هه‌ر به‌رمیلێك و تا ساڵى 2020 به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ 3%، تا ئه‌و كاته‌ى قه‌ره‌بووەكه‌ ته‌واو ده‌بێت كه‌ وه‌ك قه‌ره‌بووى زیانه‌كه‌كانى جه‌نگى داگیركردنى كوه‌یت له‌ عێراق وه‌رده‌گیرێت.

راوێژكاره‌كه‌ى عه‌بادى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ كه‌ مانگى نیسانى داهاتوو له‌گه‌ڵ سندوقى قه‌ربووى زیانه‌كانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى میكانیزه‌مه‌كانى راده‌ستكردنى پاره‌كان.

عێراق له‌ ئه‌نجامى جه‌نگى داگیركردنى كوه‌یت، بڕى 177.6 ملیار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بوو به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، بڕى 37.2 ملیار دۆلارى بۆ كوه‌یت ته‌رخانكراوه‌و تا ئێستاش بڕى 9.3 ملیار دۆلارى وه‌رگرتووه‌. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure