لەبارەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی هۆشداری ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 18/02/2018‌ :: 831‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
هاتوچۆی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەئێستادا ڕێگای سماقوڵی بەهیچ شێوەیەك شیاو نییە بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و بەهۆی بارانبارین و دروستكردنی بەنداوێكەوە كێشە بۆ رێگاكە دروستبووە، پێویستە هاوڵاتیان رێگای تر بەكاربهێنن.

لە راگەیاندراوێكی بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، كە ئەمڕۆ یەكشەممە ١٨ شوباتی ٢٠١٨ بڵاویكردەوە، تیایدا هاتووە "بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەئێستادا رێگای سماقوڵی گونجاونییە بۆ هاتوچۆ و داخراوە".

ده‌شڵێت "لەئێستادا ڕێگای سماقوڵی بەهیچ شێوەیەك گونجاونییە بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەگر و ئۆتۆمبێلی دیكە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە "لەئێستادا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو، سەرقاڵی دروستكردنی پڕۆژەی بەنداوی جەلین لە ناوچەی سماقوڵی، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان ڕێگەی دیكە بەكاربهێنن بەمەبەستی هاتوچۆ".

لاى خۆیه‌وه‌ زوهێر محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی كۆیە، بەدواڕۆژی راگەیاند "ئێمە پێشتریش جگە لەوەی مەترسی ئەو رێگایەمان راگەیاندووە بەهۆی قەرەباڵغی، باسی كێشەكانیشمان كردووە، بەڵام بە قسەمان نەكراوە داواكانمان پشتگوێخراون".

وتيشى "لەڕێی ئەنجومەنی پاریزگای هەولێر دوای چەندین نوسراو وەك بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و زیاتر لە دەیان چالاكی لەسەر مەترسی رێگاكە بەتایبەتیش دوای ئەوەی رێگای كەركوك-هەولێر داخراوە، هیچ وەڵامیك نەدراوینەتەوە".

لەدوای پرۆسەی ریفراندۆمی باشوری كوردستان و كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رێگای سەرەكی هەولێر كەركوكی داخستووە، بۆیە هاوڵاتیان رێگای سماقوڵی بە رێگە سەرەكییەكانی ھەولێر–سلێمانی، هەڵدەبژێرن، بەڵام لەكاتی بارانباریندا گرفت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستدەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure