باران بارین پارێزگایه‌كى هه‌رێم سێ رۆژ بێ ئاو ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/02/2018‌ :: 803‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌هۆى باران بارینى به‌رده‌وامى چه‌ند رۆژى رابردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیارده‌دات كه‌ له‌مڕۆوه‌ بۆ ماوه‌ى سێ رۆژ به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ بۆ دانیشتووان رابگرن.


ئه‌ندازیار ئه‌له‌ند تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ى شوباتى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌هۆى به‌رده‌وامى ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ى  رووى له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆى لێڵ بوونى سه‌رچاوه‌ى ئاوى روبارى سیروان و تێكه‌ڵ بوونى رێژه‌یه‌كى زۆر قوڕ و لیته‌ به‌ پرۆژه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان، بڕیارمانداوه‌ كه‌ له‌مڕۆوه‌ دابه‌شردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ رابگرین.

وتیشى، راگرتنى دابه‌شكردنى ئاو به‌سه‌ر دانیشتووانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ماوه‌ى سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى پاراستنى هاوڵاتیان له‌هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك كه‌ به‌هۆى لێڵ بوونى ئاوه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕویان ببێته‌وه‌، هاوكات پاراستنى ئامێره‌كانى پڕۆژه‌ى ئاوى ستراتیژى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆیه‌ له‌دواى ئه‌و سێ رۆژه‌وه‌ دابه‌شكردنى ئاو ئاسایى ده‌بێته‌وه‌.

له‌ رۆژى هه‌ینى رابردوه‌وه‌ شه‌پۆلێكى باران بارین  له‌ ئه‌نجامى به‌رده‌وامى نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای سوور شار و ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گرتوه‌ته‌وه‌ و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش ئه‌گه‌ر و پێشبینى لافاو ده‌كرێت.
 
به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، تائێستا هیچ زه‌ره‌ر و زیانێك به‌ پڕۆژه‌ى دابینكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ نه‌كه‌وتووه‌ به‌هۆى باران بارینى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوه‌وه‌ ته‌نها ده‌مانه‌وێت ئاوه‌كه‌ روون ببێته‌وه‌ پاشان ده‌ستبكه‌ینه‌وه‌ به‌ دابه‌شكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە