هەوڵدەدرێت له‌رێگه‌ى به‌رنامه‌یه‌كه‌وه‌ عێراقییه‌كانی ئه‌وروپا بگه‌ڕێندرێنەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/02/2018‌ :: 367‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دوای  كۆتاییهاتنی داعش لەعێراق، بەغدا لەڕێی به‌رنامه‌یه‌كه‌وه‌ دەیەوێت عێراقییەكان بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان، بەجۆرێك لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا رێككەوتن بكرێت، ئەو هەنگاوەش ناڕەزایەتی لێكەوتووه‌تەوە.


رەزا جەمیل، سەرۆكی رێكخراوی پاراستنی كولتوری عێراقی لەئەڵمانیا، بۆ دواڕۆژ وتی "ئاگادارین شاندێكی حكومەتی عێراق لە ئەوروپایە، بۆ ئەوەی هاوكاربێت و وڵاتان هانبدات، مافی پەنابەری نەدرێت بەعێراقییەكان و بگەڕێنرێنەوە وڵاتەكانین".

دەڵێت "چاودێری دۆخەكە دەكەین ئەگەر بەڵگەمان دەستبكەوێت شاندی عێراقی نیازی رێككەوتنیان هەیە، ئەوا دەست بە خۆپیشاندان و مانگرتن دەكەین، چونكە نابێت خەڵك بەزۆر رەوانەی عێراق بكرێتەوە كە بارودۆخ خراپە و قەیران هەیە".

وتیشی "نزیكەی یەك ملیۆن عێراقی لێرە هەن، بەشێكیان خۆیان حەزدەكەن بگەڕێنەوە كە ئەوە ئاساییە، بەڵام وەك رێكخراوەكانی عێراقی لە ئەوروپا رێگەنادەین و قبوڵی ناكەین خەڵك بە زۆر بنێردرێتەوە بۆ عیراق، چونكە ئەوە پێشێلی مافەكانی مرۆڤە".

دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٧ بە دەنگی زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار هەوڵێكی بەغدا رەتكرایەوە بۆ ناردنەوەی پەنابەران بۆ عێراق، هەفتەی رابردوو شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەسەر پرسی پەنابەرانی عێراق گفتوگۆی كردووە، دەیەوێت بۆ جاری دووەم هەوڵی رێككەوتن بدات لەسەر هەمان پرس.

لەوبارەیەوە، لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیاندراوێكدا هێما بۆ ئەوەدەكات، ئەو هەنگاوەی حكومەتی عێراق پێشێلی یاسای تاكەو نابێت جێبەجێبكرێت و پەرلەمان رەتیدەكاتەوە، چونكە ئەم ڕەوشە ناهەموارەی ئێستای عێراق ناتوانرێت دڵنیایی بداتە پەنابەرانی عێراقی تا بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان و پێویستە ئەو پرسە دوابخرێت.

هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "باشترە حكومەتی عێراق، بەدواداچوون بۆ كێشەی پەنابەرانی بكات لە ئەوروپا، نەك بەزۆر بیانگەڕێنێتەوە بۆ عێراق، چونكە ئەگەر بارودۆخ خۆشبێت هەموویان خۆیان دێنەوە پێویست بە زۆر ناردنەوە ناكات".

پەنابەرانی كورد و عەرەبی عێراقی لە ئەوروپا دەڵێن "ئەو هەنگاوەی وڵاتانی ئەوروپا و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق سەرجەم ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات خستووه‌تە بەردەم بەرپرسیارێتی گەورەوە سەبارەت بەمافی پەنابەران". 

كاوە تەیب، ماوی دوو ساڵە خۆی و برایەك و خوشكێكی تری لە ئەڵمانیایە و داوای لێكراوە وڵاتەكە بەجێبهێڵێت لەماوەی سێ مانگدا، ئەگەرنا بە زۆر دەینێرنەوە، بۆ دواڕۆژ، دەڵێت "من و براكەم رەفزمان ورگرتووە كەچی خوشكەكەم قبوڵی وەرگرتووە، هەرسێكمان یەك كەیسمان هەیە كە لەترسی داعش رامانكردووە، كەچی جیاوازی دەكەن ئێمە دەردەكەن و خوشكەكەم دەهێڵنەوە".

وتیشی "بەخوشكەكەمان وتووە ئێمە دەچینە وڵاتێكی تر و تۆ لێرە بمێنەوە".

دەڵێت "ئەگەر تا مردن لەو كۆڵانانەی ئەوروپا بكەوم ناگەڕێمەوە كوردستان، بەزۆریش بمنێرنەوە قبوڵی ناكه‌م، چونكە ئەو ماندوبوونە و ئەو هەموو خەرجییە چۆن قەرەبوو بكەمەوە".

لەلایەكی ترەوە، ئاری جەلال سەرۆكی فدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی بۆ دواڕۆژ، دەڵێت "ئێمەش ئاگادارین حكومەتی عێراق دەیەوێت هەوڵی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی عێراقی بەزۆر بدات، ئەوەش جێگای قبوڵ نییە و ناڕەزایەتی توند دەردەبڕین".

وتیشی "هەمووان دەزانن لەعێراقدا كەشێكی لەبار و بەرقەرار نییە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران لەئێستادا".

دەڵێت "سەبارەت بەو هەنگاوەی حكومەتی عێراق وەك فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق چەند داواكارییەكمان ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كردووە".

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات داواكارییه‌كانیان پێكهاتووه‌ له‌وه‌ى حكومەتی عێراق و لایەنەپەیوەندیدارەكان هیچ جۆرە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەڵمانیادا نەكات، سەبارەت بە كەیسی ناردنەوەی پەنابەران بۆ عێراق.

وتیشی "یه‌كێكی تر له‌داواكارییه‌كانمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومەتی عێراقی بڕیار بدات فڕۆكەخانەكانی نەخاتە خزمەتی ناردنەوەی بەزۆرەملێی پەنابەران و ئاگاداریان بكاتەوە كە هیچ پەنابەرێكی بەزۆرنێردراوە لە فڕۆكەخانەی بەغدا وەرنەگیرێتەوە".

داواكارییه‌كی تری فدراسیۆنی په‌نابه‌ران ئه‌وه‌یه‌ "ئەم هەنگاوانە بكرێتە پرۆژەیاسا و لەپەرلەماندا دەنگی پێبدرێت هەروەك پێشتر لەخولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا هەمان ئەم داواكاریانە خرانە بەردەم پەرلەمان و بۆ ماوەیەك وڵاتە ئەوروپییەكان ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانیان ڕاگرت".

فدراسیۆنی پەنابەران داوا لە سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات كە بەو پەڕی بەرپرسیارێتی و پسپۆڕانە لێكدانەوە بۆ ئەم دۆسیە زۆر گرنگ و مەترسیدارە بكەن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure