ڕاستیی كوشتنى سه‌ربازانى ڕوس له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/02/2018‌ :: 210‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌دواى هێرشى سه‌ربازه‌ ڕوسییه‌كانى هاوپه‌یمانى به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سوریا بۆ ناوچه‌ى دێره‌زور و بنكه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌7ى شوباتدا، ماڵپه‌ڕى بلومبێرگ ڕایگه‌یاند كه‌ هێزه‌ ئه‌مریكى و كوردییه‌كان 200 سه‌ربازى ڕوسییان كوشتووه‌، ئاژانسى ڕۆیته‌رزیش ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوودا 300 هاوڵاتى ڕوسى كه‌ له‌كۆمپانیا سه‌ربازییه‌كانى ڕوسیا كارده‌كه‌ن كوژراون.


سه‌ره‌ڕاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م هه‌واڵانه‌ كۆلۆنێل ریان دیلۆن وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى ناوه‌ندى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانى سه‌ر به‌ ئه‌سه‌د ڕوویداوه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ى به‌وه‌نه‌داوه‌ كه‌ هیچ ڕوسییه‌ك له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌دا كوژرابێت.

به‌ پێى هه‌واڵێكى ڕۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز به‌رپرسه‌ ڕوسه‌كان ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌و هێرشه‌دا هیچ هێزێكى ڕوسى به‌شدار نه‌بووه‌.

به‌ڕێوبه‌رى سى ئاى ئه‌ى مارك پۆمپیۆش كاتێك پرسیارى لێكراوه‌ كه‌ ئایا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رپرسه‌ له‌كوژرانى ئه‌و سه‌ربازه‌ ڕوسییانه‌، ره‌تیكردۆته‌وه‌ كه‌ دانى پێدابنێت و وتوویه‌تى له‌چه‌ندین حاڵه‌تدا بینیومانه‌ هێزه‌ بیانییه‌كان به‌كرێگیراو له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌كارده‌هێنن بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان.

ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ كاتێكى جیاواز و تایبه‌تدا بۆ هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ هاتووه‌ته‌ پێش، له‌ئێستادا ئیداره‌ى تره‌مپ له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ به‌ هۆى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى كه‌ گوایه‌ پلانى له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا هه‌بووه‌ له‌كاتى كه‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى تره‌مپدا بكشێنێته‌وه‌.

لیژنه‌یه‌كیش له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران ئاشكراى كردووه‌ كه‌ ڕوسیا ده‌ستێوه‌ردانى له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ساڵى 2016ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا هه‌بووه‌.

تره‌مپ له‌ پێشتردا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ڕوسیا یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا په‌یوه‌ندییه‌كى گه‌رموكوڕى له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى ڕوسیادا هه‌یه‌، هێشتا دیار نییه‌ كه‌ كاریگه‌رى ئه‌م ڕووداوه‌ (گه‌ر ڕاست بێت) چۆن ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى ڕوسیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان.

دووشه‌ممه‌ى ڕابردوو هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام گفتوگۆیان له‌باره‌ى سوریاوه‌ ئه‌نجامنه‌داوه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure