باشماخ: له‌ماوه‌ى 10 مانگدا 500 هه‌زار گه‌شتیار هاتوچۆیان كردووه‌

هەواڵ / ئابوری :: 17/02/2018‌ :: 302‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پارێزگاى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان  ئاشكراى ده‌كات له‌ماوه‌ى 10 مانگى رابردوودا داهاتى گومرگه‌كانى پارێزگاكه‌ به‌رێژه‌ى 150% به‌رزبووەته‌وه‌، راشیگه‌یاند لە پێناو خزمەتگەیاندنى باشتر به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی پارێزگاكه‌ هەوڵی زیاتر دەدەن.


بەختیار ڕەحمانی پوور، لە دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵى میهر، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ى شوبات رایگه‌یاند "لە ماوه‌ى ١٠ مانگی رابردوودا به‌به‌هاى ٨٣٢ ملیۆن دۆلار کاڵاوشمه‌ك لە رێگەی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى پارێزگاکەوە هەناردەکراوە، به‌به‌راورد به‌ هه‌مان ماوه‌ى ساڵى رابردووش به‌رێژه‌ى 23% بەرزبووەتەوە".

ناوبراو راشیگه‌یاند "رۆژانە به‌به‌هاى ٢.٥ ملیۆن دۆلار كاڵاوشمه‌ك لە سنوورەکانی پارێزگاوە هه‌نارده‌كراوه‌و  زۆربەی هه‌نارده‌كه‌ش خۆراك و میوە و سەوزه‌ و کەرەستەو پێداویستى ناوماڵ و بابه‌تى پلاستیكى بووه‌".

رونیشیكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ى ئه‌و 10 مانگه‌دا 52 هه‌زار ته‌ن به‌به‌هاى 58 ملیۆن دۆلار له‌ به‌رهه‌مى جۆراوجۆر له‌ مه‌رزى باشماخه‌وه‌ هاورده‌كراوه‌، به‌به‌راورد به‌ هه‌مان ماوه‌ى ساڵى رابردوو به‌رێژه‌ى 113% به‌رزبووەته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هاتۆچۆى گه‌شتیارانیش له‌ سنورى سه‌یرانبه‌ن بەڕێوەبەری گومرگى پارێزگای سنه‌ وتى " ئەگەرچی مه‌رزى سەیرانبەن، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە له‌ ساڵى 2012 به‌فه‌رمى ناسێنراوه‌، بەڵام تائێستا دەوڵەتی عێراق ڕەزامەندیی نیشان نه‌داوه‌ له‌سه‌ر به‌فه‌رمى ناساندنى ئەو مه‌رزە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد لە ماوەی 10 مانگى رابردوودا 500 هه‌زار گه‌شتیار له‌ ده‌روازه‌ى سنورى باشماخه‌وه‌ هاتوچۆیان كردوه‌، به‌ به‌راورد به‌ هه‌مان ماوه‌ى ساڵى رابردوو به‌رێژه‌ى 10% زیادیكردووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure